تونێلی دەربەندیخان بە رووی بارهەڵگر دادەخرێت

964+

هونەر فارس – دەربەندیخان

دوو بەربەستی ئاسنین بۆ رێگەگرتن لە هاتوچۆی بارهەڵگری گەورە بەناو تونێلی دەربەندیخان دادەنرێت، بەرزی بەربەستەکان چوار مەتر دەبن.

بەربەستی یەکەم لەسەر رێگای دەربەندیخان – سلێمانی، لەپێش تونێلەکە و ئەوی دیکەیان لە نزیک گوندی بیرکێ دادەنرێت، بە قسەی قایمقامیش بێت، ئامانج لە دانانیان پارێزگاریکردنە لە تێکچون و روشانی تونێلی دەربەندیخان.

سلێمان محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ـی وت، پێشتر بەهۆی بەرزی باری بارهەڵگرەکان زیان بە تونێلەکە گەیشتووە، بۆیە دەمانەوێت رێڕەوی بارهەڵگرەکان بۆ سەر شاخی بەرانان بگۆڕین.

ئاماژەی بەوەشکرد، کار بۆ دانانی بەربەستێکی دیکە دەکەن لەسەر شەقامی 30 مەتری یەکەم، بەهۆی هاتوچۆی بارهەڵگران لە درەنگانی شەودا لەسەر ئەو شەقامە و بێزارکردنی هاوڵاتیان.

بەربەستەکە بەرزییەکەی چوار مەترە، ئەمەش دەبێتە رێگر لەبەردەم ئەو بارهەڵگرانەی بەرزییەکەیان چوار مەترە، واتە بارهەڵگری پیکاب و کیا و ئەتیکۆ و شەش تۆنی و سکسویل ناگرێتەوە، بەڵکو زیاتر بارهەڵگرە گەورەکان دەگرێتەوە، ئەوانەی توانای هەڵگرتنی 60 تۆنیان هەیە.

964 زانیویەتی، بەربەستەکان لە سەر بڕیاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دروستدەکرێن و ئەمڕۆ 29.5.2023 شوێنەکانیان دیاریکراوە و سبەی دەست بە دروستکردنیان دەکرێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق