ئەگەر 10 دۆنم گەنم بچێنیت چەند قازانج دەكەیت؟

964+
كوردستان ئەحمەد

ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان گەنم بەرهەمێكی زۆر باشی هەیه‌، جووتیاران دەڵێن لە زۆربەی ناوچەكان 1 بە 10 بڕیویەتی، ئەمە قازانجێكی زۆری هەیە بۆ جووتیاران و گەنمەكەش لە جۆری زۆر باشە.

بڕینى 1 به 10‌، له‌ كۆنه‌وه‌ له‌وه‌وە سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ كه‌ داچاندنى هه‌ر ته‌نه‌كه‌یه‌ك گه‌نم 10 ته‌نه‌كه‌ى لێ به‌رهه‌مهاتووە.

وردەکاری
لەم بەدواداچوونەدا، قازانج و خەرجیی یەك دۆنم زەوی رووندەكرێتەوە، ئەگەر بكرێت بە گەنمی پلە یەك.

یەك دۆنم زەوی، پێویستى به‌ 40 كیلۆ گەنمه‌، وه‌ك بنه‌تۆو لێی بچێندرێت، كە بەرهەم هات بە نزیكەی 500 كیلۆ گەنم بەرهەم دەهێنێت، ئەگەر 1 بە 10 یان 1 بە 9 بیبڕێت، دەكاتە 425 هەزار دینار.

ئەمساڵ یەك كیلۆ بنەتۆو بە 850 بۆ 1000 دینار بووه‌، بۆ هەر دۆنمێك زەوی دەكاتە 34 هەزار دینار.

جارێ پوشوپەڵاشەکەی
پوشوپەڵاشی یەك دۆنم زەوی گه‌نم، دەكرێت به‌ كا، له‌و یه‌ك دۆنمه‌ شەست فەردەى كا ده‌ست ده‌كه‌وێت و هەر فەردەیەكیش نرخه‌كه‌ى به‌ دوو هەزار دینار دەفرۆشرێت، كه‌واتە یەك دۆنم  پوشوپەڵاشی گەنم 120 هەزار دینار له‌ “كا”كه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت.

کرێی کێڵان و خەرماشەکردن
كرێی یەك دۆنم زەوی بۆ كێڵان و خەرماشەكردن بە 35 هەزار دینارە و دەبێت بە بەهای 100 هەزار دیناریش دەرمانی كیمیایی و دەرمانی بژاری پێوەبكرێت.

کرێی دەڕاسە
دروێنه‌ى هەر دۆنمێك گه‌نم به‌ ده‌ڕاسه‌ نیو كاتژمێرى پێویسته‌، نرخى كاتژمێرێك كاركردنى ده‌ڕاسه‌ش ئه‌مساڵ به‌ 60 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌، كه‌واته‌ بۆ نیو كاتژمێره‌كه‌ى یەك دۆنم دەكاتە 30 هەزار دینار.

دەستمایە و قازانج
ئەگەر كەسێك 10 دۆنم زەوی كردبێت بە گەنم، پێویستی بە یەك ملیۆن و 990 هەزار دینار پارە هەیە وەك دەستمایە، قازانجی ئەم كارەشی پێنج ملیۆن و 450 هەزار دینارە، چونکە حکومەت هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگرێت.

964 بۆ ئەم بابەتە پرس و راوێژی بە چەندین جووتیار کرد، ئەوە جگە لە وەرگرتنی زانیاری لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان.