پێدەچێت هی کچانی ئێزدی بێت

گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکوک گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە و بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ژمارەیەک تەرمی کچانی ئێزدی تێدایە، کە لە لایەن چەکداران داعشەوە کوژراون.

دەزگای شەهیدانی عێراق رۆژی یەکشەممە لە فەیسبووک رایگەیاند، لە لایەن تیمێکی تەکنیکی و ئەندازیارییەوە دەستکراوە بە هەڵدانەوەی گۆڕەکە و پاشماوەکان، رادەستی بەشی پزیشکی دادوەری ده‌كرێنه‌وه‌.

بە وتەی زیا کەریم ساعدی، بەڕێوەبەری بەشی پاراستن و کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بڕیارە لە رێگەی پشکنینەکانەوە ناسنامەی قوربانییەکان ئاشکرا بکرێت.

ژمارەی روفاتەکانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکە ئاشکرا نەکراوە

لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵیشدا، لە ناوەندی کۆمەڵگای سیبا شێخ خدر لە شنگال، گۆڕێکی دیكه‌ى بە کۆمەڵ دۆزرایەوە، کە هەموو روفاتەکانی کوردی ئێزدی بوون.

لە سەرەتای هێرشی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014، هەزار و 293 هاوڵاتی ئێزدی لە شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری کوژران، هاوکات شەش هەزار و 425 هاوڵاتی ئێزدی رفێندراون و تا ئێستا بێسەروشوێنن.