دوو باندی بازرگانی بە جەستەی مرۆڤ و پارە لە زاخۆ دەستگیركران

964+
شڤان عەبدوڵا- زاخۆ

ئاسایشی زاخۆ دوو باندی ساختەكاری پارە و بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤ دەستگیر دەکات.

ئەو دوو باندە نەک تەنیا بازرگانیان بە جەستەی مرۆڤ کردووە، بەڵکو کاری ساختەی پارەشیان کردووە و بڕی 19 ملیۆن دینار و 24 هەزار دۆلاری ئەمریکی تەزویریان بە دەستەوە گیراوە.

سەرچاوەیەك لە ئاسایشی زاخۆ، بە 964ـی وت، باندێكیان لە دوو كەس پێكهاتوون کە بڕی 19ملیۆن دینار و 24 هەزار دۆلاری ئەمریكیان تەزویر كردووە، باندەکەی دیکەش کە دوو هاوسەرن، بازرگانیان بە ئەندامانی جەستەی منداڵانەوە كردووە و چەندین گورچیلە و ئەندامی دیكەی جەستەیان فرۆشتووە.

بە قسەی سەرچاوەكە بێت، ئاسایش لە لێكۆڵینەوەدایە بۆ ئەوەی بزانن پارە تەزویرەكە چووەتە ناو خەڵك یان نا.

هەردووباندەكە، ئێستا لەلای ئاسایشی زاخۆ دەستبەسەرن و بەفەرمانی دادوەر پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و پاش لێكۆڵینەوە رادەستی پۆلیس دەكرێت.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد