سێ دکتۆری میسر بۆ چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجەن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بەبێ بەرامبەر، تیمێكی پزیشكی وڵاتی میسر هاتوونەتە هەڵەبجە.

تیمەکەی میسر پێکهاتوون لە پزیشکی چارەسەری سروشتی، هەناوی، شێرپەنجە، ددان، منداڵان و نەخۆشییەکانی چاو.

لە ئەمڕۆ رێکەوتی 26.5.2023ـەوە دەستیان بە کار کردووە و تاوەکو 2.6.2023 دەمێننەوە.

یەکێک لە دکتۆرەکان چارەسەری منداڵان دەکات، چونکە ئێستا نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لە پارێزگای هەڵەبجە بەربڵاوە.

د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بە 964ی راگەیاند، پزیشکەکان خۆیان دەرمانی تایبەت بە نەخۆشەکان دابین دەکەن و پێشکەش بە هاوڵاتیانی دەکەن.

“لێرەوە رایدەگەیەنین، هەر چارە خوازێک ئارەزوی بینینی هەیە لەلایەن ئەو پزیشکانەوە، دەتوانێت پەیوەندی بکات بە نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و نەخۆشخانەی منداڵان، یاخود رۆژی یەکشەممە سەردانی نەخۆشخانەی ناوبراو بکات،” د. ئازاد مستەفا وای وت.

لە رێکەوتی 28.5.2023، کاتژمێر 9:30ی بەیانییەوە، پزیشکی منداڵان و پزیشکی ددان، کە سەر بە هەمان تیمن، لە نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی و نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە، خۆبەخشانە کاردەکەن تا هەمان رۆژ پاش نیوەڕۆ.