سەرچاوەیەک لە ئاسایشی عەربەت

بە تۆمەتی سووتاندنی 200 دۆنم گەنم و جۆ سێ منداڵ دەستگیراون

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

ئاگر بەرھەمی گەنم و جۆی 12 جووتیاری لە دەشتی عەربەت و لە نزیک کەمپی ئاشتی کردە قەرەبروت، ئێستا تەنیا ئاسەواری سووتانی پێوەدیارە، کە مەزەندە وایە نزیکەی 200 دۆنم بێت.

ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە 24.5.2023 ئاگرەکە هەڵگیرسا، بە گوێرەی سۆراغی 964 ھەر دۆنم زەوییەک نزیکەی 500 هەزار دینار تێچووی بووە، کە ئێستا بووەتە زیان بۆ جووتیارەکانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئاسایشی عەربەت بە 964ی وت، “بە تۆمەتی دەستھەبوون لە کردنەوەی ئاگر و سووتانی ئەو رووبەرە، سێ منداڵامان دەستگیر کرد، کە سەرجەمیان بە رەگەز عەرەبن و دانیشتووی کەمپی ئاشتین، تەمەنیان لە نێوان ھەشت بۆ 12 ساڵانە”.

بە وتەی سەرچاوەکە، “لە لێکۆڵینەوەکاندا منداڵەکان دانیان بەوەداناوە، ئەوان ئاگرەکەیان کردووەتەوە، ھەر بۆیە پاش ئەنجامدانی رێکاری یاسایی لەگەڵیان، بانگی کەسوکاریان کراوە تا سەردانیان بکەن”.

کەمپی ئاشتی بە دووریی سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە دەرەوەی شارۆچکەی عەربەت، لەسەر رێگای سەرەکیی عەربەت بۆ سەیدسادق، دانیشتووانەکەی ئاوارەکانی پارێزگای سەڵاحەدین و کوردانی ئێزدین.

بە گوێرەی ئەو راپۆرتە کۆتاییەی دەست 964 کەوتووە، لە ئەنجامی ئەو کارەی سێ منداڵەکە، زیانی کۆی رووداوەکە بە 20 دەفتەر دۆلار خەمڵێندراوە.