لە زانكۆ و پەیمانگاكان

وەرزی تاقیكردنەوەكان دەستیپێكرد

964+
كوردستان ئەحمەد

لە بەشێك لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان وەرزی كۆتایی تاقیكردنەوەكان دەستیپێكرد، وەزارەتی خوێندنی باڵاش داوادەكات قوتابیان خۆیان لە قۆپیەكردن بپارێزن.

لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگا حكومی و ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستانم، ئەمڕۆ یەكشەممە 21.5.2023 تاقیكردنەوەكان دەستیانپێكرد و سەرجەم وانەكان لە كاتژمێر 8:30 خولەك دەبێت و ئەو بەشانەش كە ئێوارانن كاتژمێر 3:30 خولەك دەستپێدەكات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم لە بارەی دەستپێكردنی وەرزی تاقیكردنەوەكان، داوا لە قوتابیان دەكات، رێنماییەكان جێبەجێبكەن و خۆیان بە دوور بگرن لە قۆپیەكردن و هەر هەوڵێك كە نزیكیان دەكاتەوە لە قۆپیە، چونكە دەبێتە هۆی سزادانی ئەو كەسە و بێبەشبوونی لە سەرجەم تاقیكردنەوەكان و هەژماركردنی سفر لە سەرجەم وانەكاندا.

داواش لە قوتابیان دەكات سەرجەم پێداویستیەكانی تاقیكردنەوە لەگەڵ خۆیان ببەنە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە وەك قەڵەم و حاسیبە و هەر شتێكی دیكە، كە پێویستە و هەروەها نیو كاتژمێر پێش كاتی خۆی لە بەردەم هۆڵی تاقیكردنەوەكاندا ئامادەبن، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە تاقیكردنەوە.

بە پێی رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانیستی، پێویستە قوتابی لە كاتی تاقیكردنەوەدا كاتژمێرێك لە هۆڵی تاقیكردنەوەبێت پاشان بچێتە دەرەوە و لەو كاتەش كەمتر، قوتابی بۆی نییە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە جێبهێڵێت.

لە بەشێك لە زانكۆ و پەیمانگا حكومی و ناحكومییەكانی كوردستاندا، لە كۆتایی مانگی پێنجدا تاقیكردنەوەكان دەستپێدەكەن و دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، لە بەشێكی دیكەی زانكۆ و پەیمانگاكانیشدا لە ناوەڕاستی مانگی شەش تاقیكردنەوەكانی سمستەری كۆتایی ساڵ دەكرێن.