گێلاسی تورکی بازاڕی گەرمە

سەرماوسۆڵە پێگەیشتنی گێلاسی دواخستووە

964+ | هیڤی دێوالی – دهۆک
هێشتا بەرهەمی گێلاسی ناوخۆی كوردستان پێنەگەیشتووە، ئەو گێلاسەی لە بازاڕدا هەیە توركیە و یەك كیلۆی بە حەوت هەزار دینارە.

گێلاسەكە لە عەلوە یەك كیلۆی بە چوار هەزار دینارە، تا دەگاتە بازاڕ كیلۆی دەبێتە حەوت هەزار دینار و بەو شێوەیە بە خەڵكی دەفرۆشرێت.

جەوهەر ئەحمەد، وتەبێژی گومرگی دهۆك بە 964ـی وت، ئەمساڵ  لەبەرئەوەی گێلاسی ناوخۆ دواكەوتووە و ئەگەری هەیە جۆرەكەشی باش نەبێت، بۆیە نرخی گێلاس بەرزە لە بازاڕدا.

بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی دهۆك دەڵێت، تا 15 رۆژی دیكە گێلاسی خۆمانە پێدەگات، پێدەچێت زۆر باش نەبێت بەهۆی سەرما و بەفر و بارانەوە، هەروەها بەهۆی دواكەوتنی وەرزی بەهار و گەرماوە پێگەیشتنیان كەمێك دواكەوتووە.

پارساڵ لە ئامێدی و بەرواری باڵا زیاتر لە 700 تۆن گێلاسی خۆمانە بەرهەمهێنراوە و لە ناوخۆی كوردستان ساغكراوەتەوە، بەڵام ئەمساڵ پێدەچێت ئەو رێژەیە 10% و لە هەندێك ناوچە 5% دابەزێت، واتە ئەگەری هەیە 600 تۆن بەرهەم بهێنرێت.

گێلاس میوەیەكی بەهارییە، لە سەرەتای مانگی شەشدا لە ناوچە كوێستانیەكانی هەرێمی كوردستان پێدەگات، سێ جۆری هەیە، بەرهەمێكی وەرزییە و دارەكەشی  بە یەكێك لە دارە بەتەمەنەكان دادەنرێت و زۆر بەرزدەبێتەوە و بەشێوەی چەتری بڵاودەبێتەوە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد