پاڵه‌وانێكی كورد بووه‌ ئه‌ندامی فیدراسیۆنی پاسكیلسواریی عێراق

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا – هه‌ولێر

عه‌بدولقادر نوره‌دین، پاڵه‌وانی پێشووی یاری پاسكیلسواریی، به‌ ئه‌ندامی نوێی فیدراسیۆنی پاسكیلسواریی عێراق هه‌ڵبژێردرا.

عه‌بدولقادر نورده‌دین به‌ 964+ی وت، “هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی فیدراسیۆنی پاسكیلسواریی عێراق دوێنێ شه‌ممه‌ له‌ به‌غدا كرا، توانیم پله‌ی ئه‌ندامێتی له‌ فیدراسیۆنه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنم”.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ١٦ كه‌س بۆ به‌ده‌ستهێنانی هەشت كورسی فیدراسیۆنه‌كه‌ ركابه‌رییان كرد، له‌ ئه‌نجامیشدا عه‌لی حه‌مید به‌ سه‌رۆك، كازم ده‌لیح به‌ جێگری سه‌رۆك، هه‌روه‌ها عه‌بدولقادر نوره‌دین، فه‌رقد جاسم، مه‌عن غه‌ریب، فه‌یسه‌ڵ جه‌واد، به‌سمه‌ ئه‌یاد و ئه‌سعه‌د ئه‌كره‌م، به‌ ئه‌ندام هه‌ڵبژێردران.

عه‌بدولقادر نوره‌دین ده‌ڵێت، هه‌وڵده‌دات له‌ كاری نوێیدا “به‌رنامه‌ و پلانی باش”ی هه‌بێت بۆ پێشخستنی ئاستی یاریی پاسكیلسواریی له‌ عێراق و كوردستاندا.

عەبدولقادر نورەدین لەگەڵ ژمارەیەک یاریزان

عه‌بدولقادر نوره‌دین ناوێكی دیاری وه‌رزشی پاسكیلسوارییه‌ له‌ عێراق و كوردستاندا، پێشتر وه‌ك یاریزان له‌ ریزی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق یاری كردووه‌ و مه‌دالیای زێڕی خولی وه‌رزشی عه‌ره‌بی له‌ ساڵی ١٩٩٠ به‌ده‌ستهێناوه‌، كه‌ دیارترین نازناویەتی، دواتریش وه‌ك راهێنه‌ر له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر رۆڵی له‌ پێگه‌یاندنی ده‌یان یاریزان هه‌بووه‌ و توانیویه‌تی چه‌ند جارێك له‌سه‌ر ئاستی عێراق پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنن.

له‌ ده‌سته‌ی پێشووی فیدراسیۆنی پاسكیلسواریی عێراق، مه‌حموود عه‌زیز جێگری سه‌رۆك بوو، كه‌ ئه‌ویش كورده‌ و خه‌ڵكی شاری هه‌ولێره‌، به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ نه‌یتوانی ده‌نگی پێویست به‌ده‌ست بهێنێت و ده‌رنه‌چوو.