داوای 2.7 ملیار دینار کراوە
حکومەت سیتی سکان و MRI بۆ تەندروستی هەڵەبجە دەکڕیت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
حکومەتی هەرێم ئامێری سیتی سکان و MRI بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە دەکڕێت، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی تەندروستی داوای دوو ملیار و 700 ملیۆن دیناری کردووە.
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبەجە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە 964ی راگەیاند، بە دابینکردنی ئەو ئامێرانە، هەنگاوێكی گەورە بەرەو رووی كەرتێكی گشتیی تەندروستیی بەهێز، هەنگاو هەڵدەگرین.
بەشی ئەندازەی ئامێری پزیشكیی وەزارەتی تەندروستی، بە نووسراو داوای ئەو بڕە پارەیەی لە وەزارەتی دارایی کردووە، یەک ملیار و 500 ملیۆن دیناریان بۆ ئامێری MRI دەوێت و ملیارێک و 200 ملیۆن دیناری دیکە بۆ سیتی سکان.
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبەجە دەڵێت، ” داوا لە وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم دەكەین، بە هانامانەوە بێت”.
هەڵەبجە ئامێرێکی MRI هەیە، بەڵام زوو زوو لەکاردەکەوێت، لە رێکەوتی 21.1.2023 بڕی 160 هەزار دۆلار تەرخان کرا بۆ چاککردنەوەی.
ئامێری MRI بۆ وێنەگرتنی ئەناتۆمی لەشی نەخۆشەکانە و پشكنینێكه بە شێوەی تيشك دەکرێت بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکان.
سیتی سکان ئەو زیانانە دەردەخات، کە بەر ئێسک کەوتوون، هەروەها کێشەی سییەکان و شێرپەنجەش دیاریی دەکات.