دیمەنی بەکارهێنانی ئاو لەلایەن هاوبەشانەوە- وێنە: +964
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: هاوینی ئەمساڵ رۆژهەڵاتی هەولێر کێشەی کەمئاویی دەبێت
964+
فەهمی نەبی
بە گوێرەی وتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بۆ ئەمساڵ زیاتر رۆژهەڵاتی هەولێر گرفتی کەمئاوی دەبێت، هاوکات ئەوەش دەڵێت لەم ناوچەیە لە ماوەیەکی کورتدا شەش بیر ئاویان کەمی کردووە و دەبێت دووبارە لێبدرێنەوە.
هاوکات ئەمڕۆ 17.5.2023 لە میانی هەڵمەتی چاندندنی درەخت لە شوێنی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە سنووری کانی قڕژاڵە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وتی “ئەگەر کێشەی کەمیی ئاو بەردەوام بێت، ناچارین لە بری پێدانی ئاوی بەردەوام، بە سەعاتی دیاریکراو ئاو بە خەڵک بدەین”.
دابینکردنی ئاوی شاری هەولێر %50ی لە رێگەی پڕۆژەی ئاوی ئیفرازە و ئەوەی دیکەی لە رێگەی ئاوی بیرەکانە.
زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ 964 وتی، “بۆ ئەمساڵ گرفتی گەورەمان لە رۆژهەڵاتی هەولێر دەبێت، مەبەست لێی کەسنەزان، دارەتوو، بنەسڵاوە و قوشتەپەیە، ساڵانە لەو شوێنانە بە رێژەیەکی ئێجگار زۆر دابەزینی ئاو تۆمار دەکرێت”.
لە بارەی زیادبوونی رێژەی ئاوی ژێرزەوی، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دەڵێت: ئەگەر رێژەی بارانبارین بگاتە سەرووی 450 ملم ئەو کاتە دەتوانین بڵێین دابەزینی ئاو وەستاوە، بەڵام ئەمساڵ لە هەولێر هێشتا نەگەیشتووەتە 250 ملم.
زەردەشت عەبدولخالق دەڵێت: یەکێک لەو هۆکارانەی دەبێتە گرفتی ئاو لە گەڕەکەکان، کێشەی کەمیی کارەبایە لە بیرەکان، ساڵی پار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە 184 بیر بە کارەبای مۆلیدەی گەڕەکەکان پەیوەستکراوە.
بە پێی زانیاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو، بۆ ئەوەی بیرەکان ئاوی پێویست بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن، دەبێت 18 کاتژمێر کارەبایان هەبێت، بەڵام هاوینی رابردوو هەندێک گەڕەک 9 کاتژمێر کارەبای نیشتمانیان هەبووە
سەرسام ئەوەشی وت، “بۆ ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە، سەرجەم بیرەکانی ئاو کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابین بکرێت، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی پارێزگا لەو بارەیەوە دەکرێت، ئەگەر وەزارەتی کارەبا نەیتوانی کارەبای بەردەوام دابین بکات، ئەوا چارەسەری جێگرەوە بەستنەوەی کارەبای بیرەکانە بە کارەبای مۆلیدەکان”.
بە وتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، لە ماوەی ئەو چەند رۆژە شەش بیر ئاستی ئاویان گەیشتووەتە رێژەیەک دەبێت دووبارە بیرەکە لێبدرێتەوە، چونکە رێژەی ئاوەکەی %50ی کەمی کردووە.