پڕۆژەی گه‌یاندنى ئاوی خواردنەوە بۆ گونده‌كانى رواندز به‌رده‌وامه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كاركردن له‌ گه‌یاندنى پڕۆژه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ بۆ گونده‌كانى سنوورى قه‌زاى رواندز به‌رده‌وامه ‌و ‌ئێستاش كار ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاو بۆ‌ 10 گوندى ئه‌ و سنووره‌ رابكێشرێت.

به‌ پێی زانیارییه‌كانى 964 كه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ى ئاوى رواندز وه‌ریگرتووه‌، له‌ سنوورى ئه‌و قه‌زایه‌دا 42 گوند هه‌یه،‌ تا ئێستا توانراوه‌ ئاوى خواردنه‌وه‌ به‌ زیاتر له‌ نیوه‌ى گونده‌كانى ئه‌و سنووره‌ بچێت.

هۆگر مەلا محەمەد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی قەزای رواندز، به‌ 964ـى راگەیاند، هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی كێشەوگرفتی كەمئاوی و گه‌یاندنى پڕۆژه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ بۆ گوندەكانی سنووره‌كه‌یان، وتیشی “ئێستا رەزامەندی جێبەجێكردنی چه‌ند پڕۆژەیه‌ك دراوه‌ كه‌ گه‌یاندنى ئاوه‌ بۆ‌ 10 گوندى ئه‌و سنووره‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا پێنج پڕۆژه‌ى جیاواز بۆ راكێشانى ئاوى خواردنه‌وه‌ بۆ پێنج گوند له‌ ته‌نده‌ردایه‌، سێ پڕۆژه‌ش له‌ دۆڵى ئاكۆیان ده‌كه‌ونه‌ بوارى جێبه‌جێكردن.

“به‌ گه‌یاندنى ئاوى خواردنه‌وه‌ بۆ ئه‌و سێ گونده‌ى دۆڵى ئاكۆیان، ته‌نیا شه‌ش گوند ده‌مێنێت ئاوى خواردنه‌وه‌یان بۆ رابكێشرێت”، ئه‌وه‌ قسه‌ى هۆگر مه‌لا محه‌مه‌ده‌.

وتیشی “گه‌یاندنى ئاو بۆ گونده‌كانی ره‌زان و چۆمەخینى سەر بە ناحیەی وەرتێ لە سنووری قەزای رواندز، له‌ ته‌واوبووندایه‌”.