"تەنیا نان و ئاومان خوارد"

زیاتر لە 250 کەسوکاری ئەنفالکراو لە بیابانێکی سەماوە شەو تا بەیانی نەخەوتوون

964+

فەهمی نەبی

لە رۆژی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عێراقدا، زیاتر لە 250 کەسوکاری ئەنفالکراوی گەرمیان، شەو لەسەر گۆڕێکی بەکۆمەڵی پارێزگای سەماوە ماونەتەوە و ئەو شەوە تەنیا نان و ئاویان خواردووە.

رژێمی بەعس پرۆسەی ئەنفالی بە هەشت قۆناغ لە ساڵی 1987 ئەنجام دا، سەرەنجام 182 هەزار ژن و منداڵ و پیاوی کورد لە بیابانەکانی خوارووی عێراق زیندەبەچاڵ کران.

حکومەتی عێراق، رۆژی 16.5ی وەک رۆژی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراقدا دیاریی کردووە.

ئەیاد کاکەیی، کە هاوسەفەری کەسوکاری ئەنفالکراوان بوو، ئەو سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەران و شارەزای بواری لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی جینۆسایدە بۆ 964 دەڵێت: ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە کفرییەوە بەڕێکەوتین، ژمارەمان زیاتر لە 250 کەس دەبوو، تا بیابانەکانی پارێزگای سەماوە رۆیشتین، لەبەرئەوەی ئەو کاتەی کەسوکارەکانمان بردران بۆ جینۆسایدکردن، لە رێگا تەنیا ئاو و نان و خەیاریان پێدرابوو، بۆیە ئێمەش وەک رێزێک بۆ رۆحی ئەوان تا نوگرە سەلمان تەنیا ئاو و نانمان خوارد.

بۆ ئەوەی لەو هەستە بگەین کە ئەوانی تێدا ژیان، دوێنێ شەو لەسەر گۆڕەبەکۆمەڵی تەلشیخیە لە سەماوە ماینەوە و تا بەیانی نەخەوتین

ئەیاد کاکەیی ئەوەشی وت، “سنووری پارێزگای سەماوە 270 سایتی لێیە (سایت رووبەرێکی گەورەی بیابانە)، کە هەر یەکێک لەو سایتانە چەندین گۆڕی بە کۆمەڵی تێدایە، بیابانەکانی سەماوە نزیکی 150 گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە”.

حکومەتی عێراق لە رێگەی یاسای پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان رێگری دەکات لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ئەمەش بە وتەی سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەران، هاوکات ئەوەش دەڵێت، وەزارەتی مافی مرۆڤیش رێگرە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.

بە پێی زانیاریی 964 ئەمڕۆ سێشەممە، لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکانی پارێزگای سەماوە، پارێزگاری سەماوە و قایمقامی نوگرە سەلمان وتاریان هەبووە.