تاقیکردنەوەی توانستی زانستی و پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا درێژکرایەوە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا 13 رۆژ درێژکراوەتەوە و تاقیکردنەوەی توانستی زانستیش 14 رۆژ.

ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ ئەوەی خوازیاران زیاتر بتوانن سود لەو دەرفەتە وەربگرن ئەو بڕیارەدراوە.

بڕیاردرا پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا، بۆ ئاستەکانی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە 18.5.2023 بکرێتە 4.6.2023 بەمەش پرۆسەی پێشکرشکردن 13 رۆژ درێژکراوەتەوە، تاقیکردنەوەی توانستی زانستیش لە 29.5 گۆڕاوە بۆ 12.6 بەمەش 14 رۆژ درێژکراوەتەوە.

هاوکات ئەوەش هاتووە، دەستپێکردنی خوێندنی ئەکادیمی دەکەوێتە مانگی 9ی ئەمساڵ.

لە ناوەڕاستی مانگی نیسان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پلانی پەسندکراوی خوێندنی باڵا، بۆ ئاستەکانی ماستەر، دبلۆمی باڵا، دبلۆمی باڵای یەک ساڵە و دکتۆرای راگەیاند.

بە گوێرەی پلانی پەسندکراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، حەوت هەزار و 614 کورسی تەرخانکراوە بۆ هەموو ئاستەکان.

دەقی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

تاقیکردنەوەی توانستی زانستی و پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا درێژکرایەوە