قۆرت و تاسه‌كانی 120 مه‌تری چاره‌سه‌ر ده‌كرێن

964+
كوردستان ئه‌حمه‌د

دوا پێنج ساڵ له‌ كردنه‌وه‌ی، هه‌ندێك شوێنی شه‌قامی 120 مه‌تری هه‌ولێر تێكچووه‌ و شاره‌وانییش ده‌ڵێت، شوێنه‌ تێكچووه‌كان چاك ده‌كه‌نه‌وه‌.

شه‌قامی 120مه‌تری ساڵی 2019 كرایه‌وه‌، درێژییه‌كه‌ی 37 كیلۆمه‌تره‌ و بڕی 402 ملیۆن دۆلاری تێچووه‌، بازنه‌یه‌كی كراوه‌یه‌ به‌ ده‌وری شاری هه‌ولێردا ده‌سووڕێته‌وه‌.

شه‌قامه‌كه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن تووشی چاڵ و چۆڵ و قۆرت بووه‌، پێشتر له‌ یه‌كتربڕی شه‌قامی هه‌ولێر بۆ كه‌ركوك چاككرا، به‌ڵام به‌شه‌كانی دیكه‌ چاك نه‌كراون.

له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كه‌دا و له‌ نزیك یه‌كتربڕی جاده‌ی هه‌ولێر بۆ دهۆك، تا ده‌گاته‌ یه‌كتربڕی به‌حركه‌ چه‌ندین چاڵ و تاسه‌ی تێدایه‌.
سیامه‌ند كه‌ریم، وته‌بێژی شارەوانیی هه‌ولێر له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ تۆڕی 964ی راگه‌یاند، ئه‌و شوێنانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامی 120 مەترین و تێكچوون و قۆرتیان هه‌یه‌ دیاریكراون و له‌ كاتێكی نزیكدا نۆژه‌نی ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ربه‌ستی ئاسنی شه‌قامه‌كه‌ش له‌ هه‌رشوێنێكیش تێكچووبێت، ئه‌ویش چاره‌سه‌ر ده‌کرێت.

شه‌قامی 120 مه‌تری هه‌ولێر به‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌ ستراتیژییه‌كانی هه‌ولێر داده‌نرێت، بازنه‌یه‌كی به‌ ده‌وری ناو شاری هه‌ولێردا دروستكردووه‌، له‌ رێگه‌ی چه‌ند یه‌كتربڕێكه‌وه‌ شه‌قامه‌کانی 150 مه‌تری به‌ 100 مه‌تر و سه‌نته‌ری شاره‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، خێرایی یاسایی دیاریكراو له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ 110 كیلۆمه‌تره‌ له‌ یه‌ك كاتژمێردا.