کرێکارە دەرکراوەکانی ئاکرێ گەڕانەوە سەر کارەکانیان
964+
فەرمان سادق
دوای ئەوەی لەسەر دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر دواکەوتنی موچەکانیان لەلایەن کۆمپانیای MRF لە کارەکانیان دوورخرانەوە، بە بڕیاری پارێزگاری دهۆک پێنج کرێکارەکەی ژینگەپارێزی لە ئاکرێ گەڕانەوە سەر کارەکانیان.
گەڕانەوەی ئەو کرێکارانە لە کاتێکدایە ئەوان دوێنێ ئەکشەممە 14.5.2023، بەهۆی دواکەوتنی دواکەوتنی موچەکانیان بۆ ماوەی 70 رۆژ مانیان لە کارکردن گرت.
ئەو مانگرتنەی ئەوان پەرچەکرداری لەلایەن کۆمپانیای MRF لێکەوتەوە و ئەمڕۆ پێنج کرێکاری ژینگەپارێزی لە کارەکەیان دوورخستەوە و کەسانی دیکەی هێنایە جێگەکەیان.
شەریف رەشید ئیسماعیل، یەکێک لە کارمەندە دەرکراوەکانە لە کۆمپانیای MRF بۆ 964ـی وت، ئەمڕۆ بەیانی چووین بۆ سەرکار کەچی بە ئێمە دەڵێن ئێوە فەسڵ کراون.
لەبارەی هۆکاری دەرکردنیشیان، وەک شەریف رەشید دەڵێت: پێیانوتین چۆن دەبێت گردبوونەوە ئەنجامبدەن و کارەکانتان جێبهێڵن.
بە قسەی ئەو کرێکارە دەرکراوە بێت، ئێستا ژمارەیەک کرێکاری دیکە لە جێگەی ئەوان دەستیان بەکارکردن کردووە.
ئەو کرێکارانەی دوێنێ ناڕەزایەتیان نیشانداوە موچەی مانگانەیان 400 هەزار دینارە، دەڵێن 70 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە و ئەمەش هۆکار بووە لەوەی ناڕەزایەتی دەرببڕن.
لە بەرامبەر ئەمەدا یاسر حکمەت،بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای MRF لە ئاکرێ ئەوەی رەتکردەوە کە کرێکاریان دەرکردبێت.
لە لێدوانێکدا بۆ 964 وتی “ئەو کەسانەی دوێنی گردبوونەوە و داوای مافی خۆیان کرد، ئێمە دووبارە داوامان لێکردن بگەرێنەوە سەر کارەکانیان، بەڵام بەشێک لەوان سووربوون لەسەر ئەوەی ئەوان کار ناکەن تا مووچەکانیان پێدەدرێت، ئێمەش نامانەوێت بۆشایی لە کارمەندەکان دروست بێت و ئەمڕۆ چەند کەسێکی تر لە شوێنیان دانران”.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرکردنی ئەو کرێکارانە لە 964 و هەندێک کەناڵی دیکەی میدیایی، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک لەسەر ئەو بابەتە هاتەدەنگ و بڕیاری گەڕانەوەی ئەو کرێکارانەی راگەیاند.