گڵەزەردە ئەسپسوارانی گەرمیان و شارەزوور و چەمچەماڵ کۆکردەوە

964+

ئاودێرعومەر – سلێمانی

فێستیڤاڵێک ئەسپسوارەکان لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە و ئەوان ئەسپەکانیان تاودەدەن و نمایشیش ئەنجامدەدەن.

50 ئەسپسواری دەڤەری گەرمیان و شارەزوور و چەمچەمەڵ بە جلوبەرگی رەسەنی کوردییەوە چێژ و خۆشییەکی زۆریان بە ئامادەبوان بەخشی.

ئەم گەنجە ئەسپسوارێکی دەڤەری گەرمیانە و دەڵێت: ئێمە حەز و خولیایەکی زۆرمان بۆ ئەسپسواری هەیە داوا لەحکومەت دەکەین ئەم یارییەمان بۆ بکاتە ئۆڵۆمپیاد و هەموو شارەکانی کوردستان بەشداری دەکەن.

بڕوا بەکر، ئامادەکاری فێستیڤالەکە دەڵێت: ئەم فێستیڤاڵە بۆ زیاتر لەیەک نزیک کردنەوە و یەکتر ناسینی ئەسپسوارەکانی ناوچەکانی کوردستانە و لەسەر ئاستی تاک ئەم فیستیڤاڵە رێکخراوە.

سەلمان، گەنجێکی بەشداربەوی قەزای بازیانە و دەڵێت: ئەسپی کوردی لە ئەسپی ئێرانی و عێراقیش باشترە، ئەسپی کوردی بەوە جیا دەکرێتەوە لەوانی تر کە جوانتر نمایشدەکات

ئەسپسواری نەریتێکی کۆنی کوردەواریە، ئەو گەنجانەش دەیانەوێت ئەو نەریتە زیندوو بکەنەوە و کاڵ نەبێتەوە لە کوردستان، بۆیە بە تاودان و نمایشکردنی ئەسپەکانیان چێژ و کاتێکی خۆشیان بە ئامادەبووان بەخشی.

پێداچوونەوە: توانا نەقی