لە رۆژی کۆیە چەندین چالاکی کولتووری و هونەری و وەرزشی ئەنجامدران
964+
شلێر سەعید – کۆیە
بە چەندین چالاکی کولتووری، هونەری، وەرزشی پێشوازی لە یادی رۆژی کۆیە کرا، قایمقامی کۆیەش دەڵێت: ئەمساڵ بەشێوەیەکی فراوانتر بەراورد بە پارساڵ فێستیڤاڵی کۆیە ئەنجامدراوە.
ئەمرۆ دووشەممە 15.5.2023 بەبۆنەی رۆژی کۆیە کۆمەڵێک چالاکی ئەنجامدران، لەوانە کردنەوەی پێشانگای کتێب، چالاکی هونەری جیاواز، یاری شەتڕەنج، تێنس، پاراگلایدینگ، راکردنی ماوە درێژ، بەشێکی زۆری چالاکییەکانیش لە زانکۆی کۆیە ئەنجامدران.
حاکم تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە 964ـی وت، ئەمساڵ بەشێوەکی فراوانتر و جیاوازتر فێستیڤاڵی رۆژی کۆیە کرایەوە و لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە بەردەوام دەبێت.
ئەگەرچی ساڵی 1969 بۆ یەکمجار رۆژی کۆیە دەستنیشانکراو و ساغ کرایەوە کە یەکەم رۆژی مانگی ئابە، بەڵام چەند ساڵێکە لە کۆیە رۆژەکە کراوەتە 15.5.
ئیبراهیم سابیر وەلی، کە کاتی خۆی 1.8ـی وەک رۆژی کۆیە دەستنیشانکردووە، دەربارەی دەستکاریکردنی رۆژەکە دەڵێت، بەهۆی گەرمی کەشوهەوا کراوەتە 15.5.
محەمەد سەید گوڵ، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی کۆیە بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێت، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی کۆیە لە زانکۆی کۆیە چەند چالاکیەک ئەنجامدرا لەوانە راکردنی ماوەدرێژ، کاری دەستی خانمان و نمایشکردنی پێشانگای هەرسێ فاکەڵتی (زانست – ئەندازیاری – پەروەردە)، هاوکات یاری کۆتایی خولی شەترەنج و خولی تۆپی سەرمێزیش بەرێوەچوون، هاوکات هەر لە زانکۆی کۆیە نمایشێکی جلوبەرگی کوردی ئەنجامدرا.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق