تەنیا ناوی 100 كەس گەڕاوەتەوە

بۆ وەرگرتنی چەكی قەرەبوو ده‌بێت سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

دوای راگرتنی پێدانی چەكی قەرەبوی مادەی 140 بۆ ماوەی 9 ساڵ جارێكی دیكە ناوی 100 كەس هاتۆتەوە بۆ  وەرگرتنەوەی چەكی قەرەبو.

ئەمڕۆ دووشەممە 15.5.2023 لە دوای تێپەڕبونی نۆ ساڵ بەسەر رأگرتنی چەكی قەرەبوی مادەی 140 بەسەر ئاوارەكانی بەر لە ساڵی 2003، ئۆفیسی كەركوك داوا لەو هاوڵاتیانە دەكات كە ناوەكانیان راگەیاندراوە سەردانی بەغدا بكەن، بۆ وەرگرتنی چەكی قەرەبوی مادەی 140:

كاكەڕەش، سدیق بەرپرسی نوسینگەی كەركوكی مادەی 140 بە 964ـی وت “لە بەغدا داوای ناوی دوو هەزار كەسیان كرد لەوانەی ناویان تۆماركردوە بۆ وەرگرتنی چەكی قەرەبوی مادەی 140، بەڵام دوای رەوانەكردنی ناوەكان ئەمڕۆ تەنها ناوی 100 كەس هاتۆتەوە بۆ وەرگرتنی چەكەكە”.

وتیشی، كێشە لەوەیە دەبێت ئەو كەسانە سەردانی بەغدا بكەن بۆ وەرگرتنی چەكەكە، لە كاتێكدا پێشوو لە كەركوك پێیان دەدرا، ئەوە دەبێـتە كێشە بۆیان، ده‌شڵێت “ئێمە لای خۆمانەوە وەزیری دادی عێراق خالید شوانیمان ئاگاداركردۆتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ هادی عامری قسە بكات و ئەو هاوڵاتیانە نەرۆن بۆ بەغدا لە كەركوك وەریبگرن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كۆی گشتی تاكو ئێستا حه‌وت هەزار كەس ماوە مامەڵەیان وەرگرتوە بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبوی مادەی 140 كە بڕەكەی 10 ملیۆن دینارە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن