حکومەت: قەرەباڵغی لە بنکەکانی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی نامێنێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە هەرێمی کوردستان و عێراق ژمارەیەک بنکەی نوێ بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی دەکرێنەوە، فەرمانگەی کاروباری کارتی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، بەمە قەرەباڵغی لە بنکەکان ناهێڵن.

محەمەد ناجی حوسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری کارتی نیشتمانیی عێراق، رۆژی شەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئێستا سەرقاڵی واژۆکردنی گرێبەستێکن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی بۆ دانانی سیستمێکی نوێی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی.

“چارەسەری هونەری پێشکەش کراوە، لە دوای پەسەندکردنی بودجە لە پارێزگاکان بە هەرێمیشەوە، بنکەی نوێی دەرکردنی کارتی نیشتیمانی دەکرێنەوە”، محەمەد ناجی حوسێن وای وت.

بڕیاریشە لە دەرەوەی وڵات چەند بنکە و وێستگەیەک بکرێنەوە بۆ رەوەندی عێراقی و بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە دەکرێت.

بە پێی رێنماییەکانی ژمارە یەکی ساڵی 2017 منداڵی خوار تەمەن 12 ساڵ، کارتی نیشتمانی پێنادرێت، چونکە پەنجەمۆری روون نییە، بەڵام ئەو منداڵانەی تازە لەدایک بوون و پێناسی باری شارستانیان نییە، یان ئەوانەی پێناسەکانیان ون بووە یان خراپ بووە، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا جیاوازە و کارتی نیشتمانیان پێدەدرێت.