وردەکاری دیارنەمانی کچە 11 ساڵەکە لە قەڵادزێ

964+

ژێوار خدر – رانیە

تیمەکانی غەواسـی بەرگری شارستانی راپەڕین سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی کچێکی تەمەن 11 ساڵ کە بەشێوەیەکی گوماناوی لە سەرچاوەی چـەمـی خـاســێ لە ســـنوری پشدەر ونبووە.

منداڵەکە دانیشتووی هەولێرە و لەگەڵ باوەژنەکەی چوونەتە قەڵادزێ وەک سەردانی بۆ ماڵی باوکی باوەژنەکە. دواتر لەگەڵ خوشکی باوەژنەکە کە تەمەنی 12 ساڵە لە ماڵ دەردەچن، دواتر دیار نەماوە و دەڵێن لە سەرچاوەی چـەمـی خـاســێ لە سنووری بناری ئاسۆس کەوتووەتە ئاوەوە.

باوکی کچەکە تورکمانە و هەر ئەم تاقە کچەی هەیە.

پۆلیس گومانی هەیە لەوەی باوەژنەکەی و خوشکی باوەژنەکەی کە 12 ساڵە دەستیان لەم رووداوەدا هەبێت، بۆیە هەردووکیان دەستگیرکراون.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی راپەڕین بە پەیامنێری 964ی وت کەسێک دوو کچی منداڵکاری بینیوە چوونەتە سەر ئاوەکە، دواتر یەکێکیان بە تەنیا گەڕاوەتەوە.

بینینی ئەو شایەتحاڵە بەس بوو بۆ ئەوەی پۆلیس دوو گومانلێکراوەکە بانگ بکات و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکات.

تائێستا نە پۆلیس و نە بەرگری شارستانی روونکردنەوە لەسەر چۆنیەتی خنکانی کچەکە نادەن و دەڵێن چاوەڕێن تەرمەکەی بدۆزرێتەوە و راپۆرتی پزیشکی دادی دەربچێت.