"زێدەڕۆیی لە پێنجوێن سفر بووەتەوە"
پارچەیەک زەوی تەلبەند کرد و شارەوانی رایگرت
964+
فەهمی نەبی
بەشێک لە هاوڵاتیانی پێنجوێن لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ناڕەزاییان دەربڕیوە بەهۆی دابڕینی بەشێکی زەوی کشتوکاڵی و زەوی مزگەوتێک لەلایەن هاوڵاتیەکەوە، شارەوانی پێنجوێن دەڵێت: رامانگرتووە و داومانەتە دادگا.
ئەو هاوڵاتیەی زەویەکەی دابڕیوە خەڵکی گەڕەکی بەرکێوە، ئەو گەڕەکە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قەزای پێنجوێن.
ئەمیر سۆفی جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی پێنجوێن، بۆ 964 وتی “ئەم ماڵە ساڵی حەفتاکان مافیان هەبووە مامەڵە بەو زەویەوە بکەن بەمەبەستی کاری باخداری، بەڵام ئەم زەویە موڵکی شارەوانییە، بۆیە شارەوانی و فەرمانگەی ئاوی پێنجوێن سکاڵایان لەسەر ئەو هاوڵاتییە هەیە”.
ئەمیر سۆفی ئەوەش دەڵێت: ئەو هاوڵاتیەمان بانگکردووە و کارەکەیمان پێڕاگرتووە، تا دۆسیەکەی لە دادگا یەکلایی دەبێتەوە.
بەگوێرەی وتەی ئەو هاوڵاتیانەی ناڕەزاییان دەربڕیوە، دەڵێن، ئەو هاوڵاتییە زەوی مزگەوتی بەرکێو و بەشێک لە زەوی فەرمانگەی ئاوی پێنجوێنی بە شۆفڵ تەخت کردووە و چوار دەرورەکەی تەلبەند کردووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی پێنجوێن دەڵێت: ئەو کەسەمان داوەتە دادگا، هاوکات لەماوەی ساڵێکدا نەمانهێشتووە تەنیا یەک خانووش بە زێدەڕۆیی دروستبکرێت، بەجۆرێک زێدەڕۆیمان لە پێنجوێن هێناوەتە ئاستی سفر.
قەزای پێنجوێن دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، ناوچەیەکی سنوریە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیران.
ژمارەی دانیشتوانی قەزای پێنجوێن، بەپێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کودستان بۆ ساڵی 2018، زیاترە لە 46 هەزار کەس.