رەحلە تێکچووەکانی قوتابخانەکانی دهۆک نۆژەن دەکرێنەوە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
یونیسێف رەحلە تێکچووەکانی قوتابخانەکانی دهۆک چاک دەکاتەوە و تاوەکو ئێستاش چوار هەزاری لێ چاککردووەتەوە و بەسەر قوتابخانەکانی دابەش دەکاتەوە.
لە سنووری پارێزگای دهۆک، هەزار و 463 قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی و باخچەی منداڵان هەیە، کە 412 هەزار قوتابی تێیدا دەخوینن.
عومەر عەلی تەها، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت” ئەو رەحلانەی لەکار کەوتوون و بەکەڵکی ئەوە نایەن قوتابی لەسەری دانیشتێت، رێکخراوی یونیسێف هەڵساوە بە نۆژەنکردنەوەیان، چونکە کڕینی رەحلە پارەی زۆری تێدەچێت”.
دەشڵێت: بە نۆژەنکردنەوەی ئەو چوار هەزار رەحلەیە تا رادەیەکی باش کێشەی کەمی رەحلە چارەسەر دەکات، بەڵام هەر پێویستیمان بە رەحلەی تازە دەبێت، چونکە ساڵانە ژمارەی قوتابیان زیاد دەبێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق