ئاوارەکان دەڵێن ناگەڕێینەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان پارەی ئاوارەکان دەبڕێت
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هەولێر و بەغدا گفتوگۆ دەکەن تا لە ساڵی داهاتووەوە هاوکاریی ئاوارەکانی هەرێم دابین بکەن، چونکە نەتەوەیەکگرتووەکان چیتر ئامادەی ئەو کارە نابێت.
+964 لە زاری ئەندامێکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە زانیویەتی، “بەهۆی نەبوونی هیچ هۆکارێک بۆ نەگەڕانەوەیان” نەتەوە یەکگرتووەکان تەواوی هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارەکانی هەرێم رادەگرێت.
بە پێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ٩٤٠ هەزار ئاوارە لە ٢٨ کەمپی هەرێمی کوردستاندا ماون، لەو ژمارەیە ٦٦٥ هەزاریان ئاوارەی ناوخۆی عێراقن.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە +964ـی راگەیاند، بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان قورسایی زۆر دەخاتە سەر هەرێم و عێراق، بۆیە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران پلانی هەیە بە شێوەی رێکخراو دەست بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بکات.
بەشێکی زۆری ئاوارەکان بەهۆکاری نالەباریی بارودۆخی ئەمنی و قەرەبوونەکردنەوەیان ئامادەی گەڕانەوە نین بۆ ناوچەکانی خۆیان.
+964 لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە ئەوەی زانیوە، لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ سەردانی بەغدا دەکات و لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کۆدەبێتەوە.
“دەبێت حکومەتی عێراق پلانی جدیی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان جێبەجێ بکات و تا ئەوکاتەش هاوکاری و خزمەتگوزارییەکانیان پێ بگەیەنێت”، سەرچاوەکەی وەزارەتی ناوخۆ وای وت.
لەگەڵ سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ و هێرشەکانی بۆ سەر شارە جیاوازەکانی عێراق، نزیکەی دوو ملیۆن هاوڵاتی عێراقی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، لەوکاتەوە تا ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری و خزمەتگوزارییەکانیان دابین دەکات.