عەزیز وەیسی نان دەبەخشێت

+964

پەرستۆ ساڵح – هەولێر

هونەرمەند عەزیز وەیسی دوو نانەواخانەی لە شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە، تاوەکو نان بە خۆڕایی بە هاونیشتیمانیان ببەخشێت، بە وتەی خۆی.

لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام، عەزیز وەیسی قسەی کردووە، لە گەڕەکی باباجانی و تێرمیناڵی کرماشان لە شاری جوانڕۆ، دوو نانەواخانەی داناوە.

لە ئێستادا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان، بارودۆخی ئەمنی و ئابووری لە ئاستێکی خراپدایە.

نانەواخانەکەی گەڕەکی باباجان لە جوانڕۆ، عەزیز وەیسی لەوێ ئامادەیە

نزیکەی مانگێک لەمەوبەر، عەزیز وەیسی بۆ لێپرسینەوە بانگ کرا و دواتر بۆ رۆژێک دەستگیرکرا لە شاری جوانڕۆ، بەهۆی ئەوەی گۆرانی مردنی ژینا ئەمینی وتبوو.

ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردە سەقزییە بوو کە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ لەناو بنکەی پۆلیسی رەوشتی تاران گیانی لەدەستدا.

پۆلیسەکان بۆ لێپرسینەوە راپێچی بنکەیان کردبوو بە تۆمەتی “پۆشینی نەگونجاو”، دواتر بنەماڵەکەی وتیان کە لەوێ لێیدراوە بۆیە مردووە.

لە مەرگی ژیناوە تاوەکو ئێستا، کە زیاتر لە دوو مانگە، بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” خۆپیشاندان سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە.

عەزیز وەیسی لەدایکبووی ١٩٦٨ی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، خاوەنی چەندین بەرهەم و ئەلبومی هونەریە کە بەشێکی زۆریان شادی و هەڵپەڕکێن.