پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو کرد و پێشنیاری ژمارەیەک پەرلەمانتاری خستەڕوو، کە داوای دابینکردنی بودجەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی دەکەن.

پەرلەمانی عێراق راگەیاندراوێکی لە بارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ئەو لایەنانەی دەستپێشخەرییەکەیان کردووە داوا دەکەن  پاڵپشتی بکرێن بۆ دەرکردنی یاسایەک، کە بتوانن لە رێگەیەوە هەڵەبجە بە پارێزگا بناسێنن، بەهۆی ئەو قوربانییە مەزنانەی کە داویانە و لە ئەنجامی فراوانبوونی شار و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان.”

داواشکراوە قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، هاوشێوەی قوربانی پارێزگاکانی دیکە وەک شەهید هەژمار بکرێن.

فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەیانەوێت پێش پەسەندکردنی بودجە، یاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی لە یاسای بوجەدا، بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت.

لە رێکەوتی 13.3.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای پارێزگای ھەڵەبجەی پەسەند کرد، رۆژی 2ی نیسانیش ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەکە کرد.