دیمەنێک لە قەزای کفری _ وێنە: 964
ئەم مانگە هاوڵاتیانی گەرمیان پارەی کارەبای مۆلیدەیان نەدا
964+
فەهمی نەبی
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بە هۆی زۆربوونی رێژەی کارەبای نیشتیمانی لە مانگی نیسان، هاوڵاتیان پارەی کارەبای مۆلیدەیان بۆ نەهاتۆتەوە، جگە لەچەند گەڕەکێکی کفری.
ئالان ئەرکان، وتەبێژی کارەبای گەرمیان بە 964ی وت، لە سنووری گەرمیان لە مانگی نیسان بەهۆی جێگیربوونی خواست لەسەر کارەبا، توانراوە 22 بۆ 23 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان بدرێت.
وتەبێژی کارەبای گەرمیان ئەوەشی وت، “لە مانگی رابردوودا، چەند گەڕەکێکی کفری بەهۆی چاککرنەوەی کارەباکەی 132KV دوو رۆژ کارەبایان نەبوو، بۆیە ناتوانین بڵێین 24 کاتژمێر کارەبامان داوە، لە هەموو ناوچەکانی دیکەی ئیدارەی گەرمیان تێکڕایی شەو و رۆژ کارەبا هەبووە”.
بەگوێرەی زانیاری 964، جگە لەو چەند گەڕەکەی کفری، لە هەموو ئیدارەی گەرمیان پارەی مۆلیدەی مانگی نیسان بۆ هاوڵاتیان نەهاتۆتەوە.
زانیاریيەکانی کارەبای ئەم ناوچەیە دەریدەخات، هاوینی ساڵی پار لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، 14 بۆ 15 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیانی ئەو سنوورە دراوە.
لە وەزارەتی کارەبا، بەشی کارەبای گەرمیان 4.5 دیاریکراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی گەرمیان ناوچەیەکی گەرمەسێرە ئەو رێژەیە بەتێکڕایی کراوەتە 4.7، ئەمەش واتا ئەگەر 100 میگاوات کارەبا دابەش بکرێت گەرمیان 4.7 مێگاوات کارەبای بەردەکەوێت.