گه‌نجانى هه‌ریر ناهێڵن مام زرار بینایی له‌ده‌ست بدات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گه‌نجانى ناحیه‌ى هه‌ریری سه‌ر به‌ شه‌قڵاوه‌، هیمه‌تیان بۆ (مام زرار)ـى هاوشارییان كرد، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ته‌واوى بینایى چاوه‌كانى له‌ ده‌ست نه‌دات و نه‌شته‌رگه‌ری بۆ بكرێت.

زرار ئیسماعیل حاجی، دانیشتووى ناحیه‌ى هه‌ریره‌، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ رێژه‌ى بینایی له‌چاوه‌كانیدا كه‌مبۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ گه‌نجان به‌هانایه‌وه‌ بچن و كه‌مپینیان بۆ رێكخست بۆ كۆكردنه‌وه‌ى پاره‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌نجام بدرێت.

كەریم برایم مەرزانی، سەرۆكی رێكخراوی “هەریری من” بۆ كارى مرۆیی به‌ 964ـى وت “كاتێك‌ به‌وه‌مان زانى (مام زرار) خه‌ریكه‌ به‌ یه‌كجارى چاوه‌كانى له‌ده‌ستده‌دات، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك گه‌نج هه‌ڵساین به‌ دروستكردنى كه‌مپینێك بۆ ئه‌وه‌ى نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌نجام بدرێت”.

مه‌رزانى ده‌شڵێت، له‌ رێگه‌ى ئه‌م كه‌مپینه‌وه‌ توانرا بڕى سێ ملیۆن دینارى بۆ كۆبكرێته‌وه‌.

به‌ قسه‌ى ناوبراو، بڕی تێچووى نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ناوبراو له‌شاری هه‌ولێره‌وه‌ ته‌نیا هه‌شتسه‌د دۆلارى تێده‌چێت، وتیشی “ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ ناوبراوه‌ و بۆ نه‌شته‌رگه‌رى و گوزه‌رانى خێزانه‌كه‌یه‌تى”.

كه‌ریم مه‌رزانى وتیشی، بارى گوزه‌رانى ناوبراو زۆر خراپه‌، به‌ شێوه‌ى گرێبه‌ست له‌ نه‌خۆشخانه‌ى هه‌ریر كارى پاككه‌ره‌وه‌ ده‌كات و موچه‌ى مانگانه‌شی ته‌نیا 300 هه‌زار دینار، جگه‌ له‌ خۆى خاوه‌ن سێ منداڵى كه‌مبینایه‌.