بە ئاسمانی و زەمینی جیاوازە

 نرخی چوونە حەج دیاریی كرا

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

نرخی چوونە حەج بۆ ئەمساڵ دیاریی كرا و حەجكردن بە رێگەی ئاسمانی 4 هەزار و 500 دۆلارە و بە رێگەی وشكانییش سێ هەزار و 800دۆلارە.

وەزارەتی ئەوفاف و كاروباری ئاینیی کوردستان دەڵێت، بۆ حەجی ئەمساڵ بە بڕی 330 هەزار دۆلار پاڵپشتی پڕۆسەی حەج دەكەین.

هەروەها داوا لەوكەسانەش دەكات، ناویان بۆ ئەنجامدانی حەج هاتووەتەوە سەردانی نووسینگەكانی حەج و عومرە بكەن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی حەج.

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی حەج و عومەرەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەمساڵ گەشت بۆ حەج لە رێگەی فڕۆكەوە بە چوار هەزار و 500 دۆلارە و بە رێگەی وشكانییش بە سێ هەزارو 800 دۆلارە.
.
دیاریکردنی تێچووی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدایە  دەستەی باڵای حەج وعومرەی عێراقی لە چەند رۆژی رابردوودا بە نووسراوی فەرمی تێچووی گەشتی حاجیان بۆ شاری مەدینە و خەرجییەکانی رێگا و مانەوە لە شاری مەدینە و گواستنەوەی ناوخۆیی و گەشتی ئاسمانی و وشکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانی ناردووە، هەروەها لەگەڵ تێچووی پرۆسەی حەج بۆ هەر حاجییەک کە لە لایەن بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە لە شاری مەککەی پیرۆز خەرجکراوە.

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووی حەجی ئەمساڵ لەسەر هاوڵاتیان، پاڵپشتیی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ بە بڕی 330000 سێ سەد و سی هەزار دۆلار دەکات، بۆ ئەوەی تێچووی حەجی ئاسمانی و وشکانی لەسەر هاوڵاتیان کەم بکرێتەوە و نرخەکەیش هاوتا بێت لەگەڵ ئەو نرخەی کە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی لە حاجیانی عیراق وەردەگرێت.

ئەمساڵ چوار هەزار و 675 حاجی لە هەرێمی كوردستانەوە فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن.