وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە

  “گۆڕینی ئاراستەی هاتوچۆی بارهەڵگرەكان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە”


كوردستان ئەحمەد – هەولێر
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە  كەمێك پێش ئێستا روونكردنەوەیەكی لە فەیسبوك بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت گۆڕینی ئاراستەی هاتوچۆی بارهەڵگرەكان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دەشڵێت، چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای کۆیە هەولێرە بە هەر پێنج قۆناغەکەیەوە.

دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی ئاودانکردنەوە و نیشتەجێکردن

رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی:
-گۆڕینی ئاراستەی ھاتوچۆی بارھەڵگرەکان پەیوەندیدار نییە بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە
-چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای کۆیە هەولێرە بە هەر پێنج قۆناغەکەیەوە
-لە پلانی ئەمساڵیشدا بۆ جارێکی تر داوای بودجەمان کردوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە
دەقی رونکردنەوەکە:
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەک وەزارەتێکی خزمەتگوزار، ئەرکی سەرشانیەتی ئەوەی لەتوانایدا بێت بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان درێغی ناکات، بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی پێویستیان بە چاککردن و دروستکردنی رێگا ھەیە، لەم روەوە لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا سەرباری قەیرانەکان و ئەوەی لە توانا و دەسەڵاتی وەزارەتدا بووە، ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامداوە، ھەربۆیە ھەمیشە خزمەتکردنمان بە ئەرک زانیوە بەرامبەر ھاونیشتیمانیان لە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.
ئەوەی لە ئێستاشدا بەشێک لە ھاوڵاتیان ژمارەیەک لە رێگاکانیان گرتووە، بۆ گۆڕینی ئاراستەی ھاتوچۆی بارھەڵگرەکانە، کە ئەوەش پەیوەندیدار نیە بەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە، بەڵکو پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان ئەو بڕیارە بدەن.
لەئێستادا رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر و سلێمانی، جگە لە رێگای کەرکوک پێکھاتووە لەم رێگایانە:
ا- رێگای هەولێر – کۆیە-دوکان
ب-رێگای هەولێر – سماقوڵی-دوکان
ج-رێگای هیران – شەقڵاوە
د- رێگای دۆڵی بالیسان
ھەر چوار رێگاکە لاوەکین و رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر بۆ سلێمانین و بە پێچەوانەشەوە، کە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و بارھەڵگر گوزەری پێدا دەکەن، کە بە نزیکەیی بریتیە لە 15 هەزار ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و تێیدا سێ هەزار تانکەر و بارهەڵگرن و زۆربەی بارهەڵگرەکان رۆژانە بە رێگای سماقوڵی گوزەر دەکەن.
ئێمە وەک وەزارەت هەوڵی تەواومان داوە و دەیدەین بۆ باشکردنی باری رێگاوبانەکان و نۆژەنکردنەوەیان، بۆ نمونە هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەم لە ساڵی 2019 بە بڕی نزیکەی 42 ملیار دینار، زۆربەی رێگاکانی هەرێمی کوردستان چاککرانەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپەوە گۆڕان بۆ رێگایەک کە لە خزمەت هاوڵاتیانی کوردستان بێت و بتوانن بەکاریبهێنن، دواترش بەردەوام بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستدا بوە چاککردنەوە لە ڕێگاکان بەردەوام بووە، بەڵام داخستنی ڕێگاکان لە لایەن هاوڵاتیان پەیوەندیدارە بە  رێگریکردن بە تێپەڕبونی بارهەڵگر بە ناوچەکانیاندا، دیاریکردنی ئاراستەی هاتوچۆ و بە تایبەتیش بارهەڵگرەکان ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و سەرۆکی یەکە ئیداریەکانە لە پارێزگاکان نەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.

ھاوکات جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی بە بڕوای ئێمە چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای هەولێر کۆیەیە (بە هەر پێنج قۆناغەکەیەوە) کە لە ساڵانی رابردوو وەک وەزارەت هەوڵی زۆرمان داوە و چەندین جار داوامانکردووە کە بودجەی بۆ تەرخانبکرێت، بەڵام بەداخەوە بە هۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە ئەم پرۆژە گرنگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە پلانی بودجەی 2023 وەک وەزارەت داوای بودجەی پێویستمانکردوە بۆ دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی.

لە کۆتاییدا رایدەگەیەنین؛ تیمەکانی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانەکانی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، وەک چۆن لە رابردوو ھەمیشە لە خزمەتی ھاونیشتیمانیان و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان بووە، لەئێستاشدا تیمەکان دەخەینە خزمەتی هاوڵاتیان بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگا لاوەکیانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە بە پێی ئەو توانایەی لە بەردەستمان دەبێت.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن
30.4.2023