دوو تاریخی بەسەرەوەیە

کەس نازانێت کەی هێلکەی بایەعیەکە بەسەردەچێت

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ئەو هێلکەیەی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە دابەشیدەکات دوو تاریخی بەسەرەوەیە.

بڕیاربوو وەزارەتی بازرگانی عێراق لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بە بۆنەی مانگی رەمەزانەوە هێلکە دابەشبکات بەڵام پرۆسەکە دواکەوت، ئێستا وا چەند رۆژێکە لە کەرکوک دەست بە دابەشکردنی کراوە.

964 هێلکەکانی بینیوە، نە کاتی بەرهەمهێنان و نە کاتی بەسەرچوونی پێوەیە، لەسەر بەشێک لە کارتۆنەکان نوسراوە لە مانگی ئایار و لە هەندێکیان تەمموز کە بەسەردەچێت.

ئەمە لەکاتێکدا، بەگوێرەی بەدواداچوونەکان تاوەکو ئەو هێلکانە گەیشتوونەتە دەست بریکارەکان هەفتەیەک کاتی خایاندووە.

بەختیار عەلی بریکاری خۆراک لە گەڕەکی شۆریجە بە 964ی وت، “کارتۆنەکان دوو مێژوویان پێوەیە، لە شوێنێک نوسراوە مانگی پێنج کۆتایی پێدێت و لە شوێنێکی دیکە نوسراوە مانگی حەوت کۆتایی پێدێت”.

ئەو داوای کرد هاوڵاتیان بە زووی بچن بەدەمیەوە و وەریبگرن تاوەکو بەسەرنەچووە.

لەبارەی هۆکاری دواکەوتنیەوە، سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی خۆراکی کەرکوک بۆ 964ی باسکرد، پەیوەندی بە نەبوونی رێژەی پێویستی هێلکەوە هەبووە و نەیانتوانیوە بە یەکجار دابەشیبکەن بەسەر سەرجەم پارێزگاکاندا.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر