سێیه‌مین رێگاى گشتى به‌ رووى بارهه‌ڵگره‌كانه‌وه‌ داخرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دواى ئه‌وه‌ى رێگاكانى دۆڵى سماقوڵى و كۆیه‌ – هه‌ولێر ، به‌ رووى بارهه‌ڵگره‌كان داخران، له‌ گوندى كاموسه‌كی دۆڵى خۆشناوه‌تیش رێگاى گشتى هیران هیزۆب داخرا.

ئارام قادر، ئه‌نجومه‌نى گوندى كاموسه‌ك به‌ 964ـى وت “هۆكارى داخستنى ئه‌و رێگایه به ‌رووى بارهه‌ڵگره‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ رێگاكه‌ وه‌ك پێویست نیه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك كاری چاككردنه‌وه‌ى بۆ كراوه‌ به‌ڵام به‌نیوه‌چڵییه‌ و به‌ته‌واوى نه‌كراوه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، دواى ئه‌وه‌ى رێگاكانى دۆڵى سماقوڵى و كۆیه‌ – هه‌ولێر به‌ رووى بارهه‌ڵگره‌كان داخران، ئه‌وانیش بڕیاریاندا رێگاكه‌یان دابخه‌ن.

ئارام قادر وتیشی “بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر رێگاكه‌مان له‌وه‌ زیاتر وێران نه‌بێت، بڕیاری داخستنمان دا”.

روونیكرده‌وه‌، ساڵى پار له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ هه‌ندێك كارى چاككردنه‌وه‌ بۆ ئه‌و رێگایه‌ كراوه‌، به‌ڵام وه‌ك پێویست نیه‌، هیواداره‌ حكومه‌ت هه‌موو رێگه‌كه‌یان بۆ چاكبكاته‌وه‌ و خه‌مێكیان لێ بخوات.

له‌ ماوه‌ى 24 كاتژمێرى رابردوودا رێگاكانى دۆڵى سماقوڵى و رێگاى هه‌ولێر – كۆیه‌ له‌ تۆبزاوه‌ داخران و ته‌واوى ئه‌و خه‌ڵكه‌ش داواكارن حكومه‌ت چاره‌سه‌رێكی ته‌واوى رێگا گشتییه‌كانیان بكات كه‌ به‌هۆى  هاتوچۆى ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌وه‌ تێكچوونه‌.