له‌ سنوورى دهۆك زیاتر له‌ 50 جۆرى ته‌قه‌مه‌نى له‌ناوبران

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك زیاتر له‌ 50 جۆر ته‌قه‌مه‌نى له ‌لایه‌ن تیمه‌كانى مینلابه‌ر له‌ناوبراو، ده‌زگاى مینیش ده‌ڵێت، ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ پاشماوه‌كانى جه‌نگن له‌و ناوچانه‌ ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی ئه‌مڕۆ 26.4.2023 ـى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاروبارى مین له‌ دهۆك، ماوه‌یه‌كه‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاوازى سنوورى پارێزگاى دهۆك 55 جۆرى جیاوازى ته‌قه‌مه‌نى دۆزراونه‌ته‌وه‌ و له‌لایه‌ن تیمه‌كانى EOD به‌هاوكارى به‌شی دڵنیایی جۆرىQA  له‌ناوبران.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌ له‌ گوندى رەشێورێى سەر به‌ ناحیه‌ى زاویتە له‌سنوورى پارێزگاى دهۆك، 55 پارچه‌ى جیاجیاى ته‌قه‌مه‌نیان له‌ناوبردووه‌، كه‌ پێكهاتبوون له‌ 25 گولـله‌ى تۆپى 153 ملیم و 11 گولـله‌ تۆپی 130 ملیم و 19ـى 100 ملیم.

ده‌شڵێت، ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ پاشماوه‌ى به‌جێماوى جه‌نگن.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌، ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ له‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ ناوچه‌ى جیاجیاى سنوورى دهۆك دۆزراونه‌ته‌وه‌ و‌ كۆكرابوونه‌وه‌.

پێشتر عه‌لى حه‌مه‌ده‌مین به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌كنیكی لە ده‌زگاى مین له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ 964ـى راگه‌یاند بوو “مه‌ترسى مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان بوونى هه‌یه‌، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌و باران و لافاوه‌ى كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا ناوچه‌كانى گرتبووه‌وه‌”.