هەموو ساڵێك دەیكەن

گەشتێك لە بێگۆڤاوە بۆ گوندی نەرمۆكێ

+964
شڤان عەبدوڵا- زاخۆ

ژمارەیەك هاوڵاتی ساڵانە لەوەرزی بەهاردا لە ناحیەی بێگۆڤاوە  گەشتێك بۆ گوندی نەرمۆكێ دەكەن.

بەدرێژای رێگاكە، دیمەنەكان دار و گوڵی رەنگاوڕەنگە، تا چاو بڕدەكات سەوزای دەشتەكانی دەڤەری بێگۆڤای داپۆشیوە.

رەمزان نەرمكی و هاوڕێكانی هەموو ساڵێك لە وەرزی بەهاردا لە ناحیەی بێگۆڤاوە گەشتێك دەكەن بۆ گوندی نەرمۆكێ بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو سروشت و چێژ لە دیمەنەكانی گوندەكە وەرگرن.

زۆربەیان جلوبەرگی كوردیان لە بەردایە، ریزیان لێبەستوە بەشوێن یەكدا بەنەرمی لە تولە رێیەكەوە بەبێ ئەوەی زیان بە گوڵ و گیاكان بگەیەنن،بەرەو نەرمۆكێ دەڕۆن.

گەشتێكی ساڵانەی هاوڕێیانەیە، چێژێكی خۆشمان پێدەدات، مێشكمان ئاسودە دەبێت و رۆژێكی خۆش بەڕێدەكەین، دور لە سۆشیاڵ میدیا و دور لە شارو ژاوەژاوەكەی،  ئەمە قسەی فرسەت عوبەیدە كە یەكێكە لە تیمەكانی گەشتەكە.

دیمەنەكان دڵفڕێن و جوان و دڵگیرن، بەدرێژای 20 كیلۆمەتر تیمەكە رێدەكات و دەگەنە نزیك نەرمۆكێ و بۆ نیوەڕۆ پشوو دەدەن و نان دەخۆن، بەدەم پیاسە و گۆرانی چڕینەوە كات دەگاتە ئێوارە و ملی رێ دەگرن و دەگەڕێنەوە ماڵەوە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد