ئەوقافی هەرێم بەرپرسیاریەتییان هەڵناگرێت
بۆ گەڕانەوەیان داوای پارە لە ژمارەیەک عەمرەکاری کورد دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لەسەر سنووری عێراق و سعودیە رێگری لە عەمرەکارانی عێراق کراوە بگەڕێنەوە، کە ژمارەیەکیان کوردن و بۆ هەر پاسێک داوای 300 هەزار دیناریان لێ دەکەن.
تۆڕی 964 بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کرد و بۆی دەرکەوت، ئەو عەمرەکارانە بەدەر لە رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم لە رێگەی وشکانییەوە گەشتی عەمرەیان کردووە.
وەزارەتی ئەوقافی هەرێم لە رێگەی 160 کۆمپانیاوە گەشتی حەج و عەمرە لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە ئەنجام دەدات.
شێخ نیاز راغیب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێم بە تۆڕی 964ی وت، “ئەو کەسانە لە بەرپرسیاریەتیی ئێمەدا نین، چونکە رامانگەیاندووە ئەوانەی لە رێگەی وشکانییەوە دەرۆن خۆیان بەرپرسیارن”.
لەگەڵ ئەوەی نازانین ژمارەی ئەوانەی کوردن و رێیان لێگیراوە چەندە، بەڵام لەگەڵ حەج و عەمرەی عێراق دەچینە سەرخەت و بەرپرسیارەیەتیی سەلامەتیان دەخەینە ئەستۆی ئەوان، ئەوە وتەی شێخ نیاز راغیب نەقشبەندییە.