بۆ دەرکردنی خێزانە هاوردەکان

پێشمەرگە مۆڵەتی 24 کاتژمێر دەداتە سوپای عیراق

964+
کاروان ساڵحی

سەرچاوەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت مۆڵەتی 24 کاتژمێرمان داوەتە سوپای عێراق تا خێزانە هاوردەکانی گوندی پەلکانە دەربکەن.

دوای رووداوەکەی دوێنێی گوندی پەلکانە، کاتژمێر 3ی دوای نیوەڕۆ ئەمڕۆ 22.4.2023 هێزێکی پێشمەرگە چوەتە نێو گوندی پەلکانە و سوپای عیراقیان ئاگادار کردوەتەوە، دەبێت عەرەبە هاوردەکان دەربکەن.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە هێزەکانی پێشمەرگە بە 964ی وت “ئەمڕۆ بەپێی بڕیارێکی سەرووی خۆمان چووینە گوندی پەلکانە بەرپرسی هێزی سوپای عێراقیمان لەو گوندە ئاگادار کردەوە کە دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا سەرجەم عەرەبە هاوردەکان دەربکەن، ئەگەر نا خۆمان دەریاندەکەین”.

عەلی بەکر دانیشتوی گوندی پەلکانە بە 964ی وت “دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ ئامر لیواکەی سوپای عێراق قسەیان کرد، زیاتر لە پێنج خێزان عەرەبی هاوردە گوندەکەیان چۆڵکرد”.

پەیامنێری تۆڕی 964 پەیوەندی بە نوری حەمە عەلی بەرپرسی میحوەری رۆئاوای کەرکوک کرد، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو هیچ زانیاریەک بدات.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی