گیاندارە سەیرەکانی بەنداوی دەربەندیخان

گیاندارە سەیرەکەی ناو دەریاچەی دەربەندیخان

+964

محەمەد عومەر – دەربەندیخان

+ڤیدیۆ

لەتۆمارێکی ڤیدیۆییدا لەدوورەوە تارمایی دوو گیانداری رەشی گەورە لە ناو دەریاچەی دەربەندیخان دەرکەوتووەو بەڕێوەبەری بەنداوەکەش دەڵێت نازانن گیاندارەکان چین.

ڤیدیۆکە لە ١٦ـی ١١ـی ٢٠٢٢ تۆمار کراوە و سەڵاح محەمەد، کە مامۆستای زانکۆیە، بۆ +964ـی ناردووە، بەڵام تیمی 964  نەیتوانی بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە لەراست و دروستی ڤیدیۆکە دڵنیا بێتەوە. 

لە ڤیدیۆکەدا دوو تارمایی رەش دەردەکەون، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن دوو گیاندارن، بەڵام ناتواندرێت بزاندرێت چ گیاندارێکن.

نزیکەی مانگێک بەر لە ئێستا دەنگۆی دەرکەوتنی مارێکی گەورە لەناو دەریاچەکەدا بڵاو بووە و ئەوکات سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەنگۆی بوونی ماری لە دەریاچەکەدا بۆ +964 ڕەت کردەوە.

میدیازان بە مەبەستی زیاتر دڵنیابوون لە بوونی ئەو گیاندارانە، تۆمارە ڤیدیۆکەی بۆ سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان نارد، ئەویش بە +964ـی راگەیاند: تا ئێستا ئەو گیاندارانە لە کامێرا چاودێرییەکانی ئەواندا دەرنەکەوتووە، بەڵام بەدواداچوون دەکەن.