کەمی پارە لە بانک گرفتی بۆ دابەشکردنی موچە لە کەلار دروستکردووە

964+

هونەر فارس – کەلار

بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە 18.4.2023،  موچەی وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و خوێندنی باڵا و شارەوانی دابەش بکرن، بەڵام تا ئێستا لە کەلار موچە دابەش نەکراوە.

بەگوێرەی خشتەی دابەشکردنی موچەی وەزارەتی دارایی بێت، ئەمڕۆ 18.4.2023 بڕیار بوو موچەی هەریەکە لە وەزارەتەکانی “ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، شارەوانی و گەشتوگوزار” دابەشبکرێت، بەڵام تا ئێستا لە کەلار دەست بە دابەشکردنی موچە نەکراوە.

سەرچاوەیەک لە شارەوانی کەلار بە 964ی وت: موچەمان وەرنەگرتوە پێمان وتراوە ئەمڕۆ موچەکانتان دەدرێت بە خوێندنی باڵا ئێوە پێنجشەممە وەرنەوە.

هەر سەبارەت بە وەرگرتنی موچەکانیان، 964 پەیوەندی بە سەرچاوەیەک لە زانکۆی گەرمیانەوە کرد و دەڵێت: تا ئێستا موچەمان وەرنەگرتوە و پێمانوتراوە پارەی پێویست لە بانکدا نییە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: تا ئێستا نازانین ئێوارە موچەکانمان بەدەست دەگات یاخود نا.

بۆ ئەو مەبەستە 964 دوو جار پەیوەندی بە ئاریا ئەکرەم، بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق