عێراق پێشینەیی خانوبەرەی کردە 60 ملیۆن دینار

964+

فەهمی نەبی

سندوقی نیشتەجێبوون لە عێراق رایگەیاند، پێشینەی خانووبەرەیان زیادکردووە بۆ 60 ملیۆن دینار.

ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەری پلاندانان لە سندوقی نیشتەجێبوون بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندوە، ئەو پێشینەیە تەنیا بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونە، ئەوانە ناگرێتەوە کە دەیانەوێت بەو پارەیە خانوو بکڕن.

هاوکات ئەوەش هاتووە، بڕیارەکە بۆ سەرجەم لقەکانیانە لەسەرتاسەری عێراق، بەڵام هێشتا روون نییە ئەو پێشینەیە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا.

بەپێی یاسای ژمارە 32ی سندوقی نیشتەجێبوونی ساڵی 2011، بڕی 35 ملیۆن دینار بۆ هاوڵاتیانی پارێزگای بەغدا و 30 ملیۆن بە هاوڵاتیانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەدا، بەڵام دوای گۆڕانکاریی لە یاساکە لە ساڵی 2018 کرایە 50 ملیۆن دینار، لە ئێستا ئەو بڕە کراوە بە 60 ملیۆن دینار.

ئەو بڕە پارەیەی لە چوارچێوەی سندوقی نیشتەجێبوون خەرجدەکرێت، بەبێ هیچ زیادە خستنەسەرێکە، ئەمەش بەپێی وتەی بەڕێوەبەری پلاندانان لە سندوقی نیشتەجێبوون.