لێڵی ئاوی هەولێر چارەسەر بوو
964+
فەهمی نەبی
دوو رۆژی رابردوو، شاری هەولێر کێشەی کەمی ئاوی بۆ دروست بوو، ئەمەش بەهۆی راگرتنی شەش پڕۆژەی ئاو، بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەولێر ئەو گرفتە چارەسەر کراوە.
لە چوارشەممەی هەفتەی رابردوو شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەهۆیەوە ئاوی خواردنەوەی بەشێکی زۆری شارەکان لێڵ بوو.
بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم، ئاستی لێڵی ئاوی هەولێر گەیشتبووە 23 هەزار، لە کاتێکدا رێژەی ئاسایی بۆ ئاستی لێڵی ئاو نابێت لە دوو هەزار زیاتر بێت، ئەم لێڵییە 10 هێندەی رێژەی ئاسایی بوو.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە، بە 964ی وت “هەموو پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز یەک، دوو و سێ، لەگەڵ پڕۆژەی ئاوی قەندیل و هەموو پڕۆژەکانی دیکە، ئەوانەی وەستابوون دەستییان بەکار کردوەتەوە”.
بەوتەی ئاری ئەحمەد، هەندێ شوێن رێژەی لێڵی ئاوەکە هێشتا بەرزە، بەڵام بە کەمترین کات ئەوەش نامێنێت.
ئەو دەڵێت پڕۆژە هەبووە، 30 کاتژمێر بەردانەوەی ئاوی وەستێنرابوو، بەڵام ئەمڕۆ کۆتایی بە کێشەی کەمی ئاوی گەڕەکەکان دێت.