له هه‌رێمی كوردستان كار له‌سه‌ر “گەشتوگوزاری رەش” ده‌كرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزاریى هه‌رێم بڵاوی كرده‌وه، له داهاتوودا له پاڵ به‌شه‌كانى دیكه‌ى گه‌شتوگوزار، كار له‌سه‌ر “گه‌شتوگوزارى ره‌ش” ده‌كرێت، سه‌رۆكى ئه‌و ده‌سته‌یه‌ش ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌و به‌شه‌ى گه‌شتوگوزار بۆ زیاتر ناساندنى تاوانه‌كانی ئه‌نفال و جینۆسایده به گه‌شتیاران.
ئه‌مه‌ل جه‌لال، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم، له په‌ڕه‌ى فه‌رمی فه‌یسبووكه‌كه‌یدا بلاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌وان کار دەکەن بۆ برەودان بە گەشتوگوزاری رەش و زیاتر ناساندنی ئەنفال و جینۆساید و کیمیابارانکردن بە گەشتیاران.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كردووه، کەرتی گەشتوگوزار، سەرەڕای بایەخە ئابوورییەکەی، هاوکات رەهەندێکی نیشتمانیشی هەیە، بۆیە دەستەكه‌یان کار دەکات بۆ زیاتر ناساندنی ئەنفال و جینۆساید و کیمیابارانکردنی کورد بەو گەشتیارە بیانییانەی، کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
“یەکێك لە تەوه‌رە ستراتیژییەکانی پلانی هه‌شت ساڵەی دەستەی گەشتوگوزار، بریتییە لە پەرەپێدانی جۆرەکانی گەشتوگوزار، لە ناویشیاندا گەشتوگوزاری رەش Dark Tourism “، ئه‌مه‌ل جه‌لال وای وت.
روونیشیكرده‌وه، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، زۆرینەی گەشتیارە بیانییەکان براونەتە مۆنۆمێنتەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردن.
ده‌شڵێت “ئێستا لە رێگەی جێبەجێکردنی پرۆژەی رێبەری گەشتیاری، دەستەی گەشتوگوزار کاردەکات بۆ رێکخستنەوەی گەشتی گەشتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، گەشتوگوزاری رەش دەخاتە ناو پاکێجەکانی گەشتیارییه‌وه”.
سه‌رۆكى ده‌سته داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ده‌کات، بۆ بەمۆدێرنکردنی مۆزەخانە و مۆنۆمێنتەکان لە رووی نیشاندان و بە دۆکیۆمێنتکردنی کارەساتەکان، به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن و له لای خۆیشیانه‌وه ئاماده‌ی ده‌بڕیوه.