شارەوانی هەولێر: پێنج هەزار نەمامی نوێ لە دەوری شەقامەکان دەچێنین
+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
لە هەولێر كاری رێكخستنەوە و جوانكاری بۆ شەقامەكانی ناو شار دەکرێت و پێنج هەزار نەمامی نوێ دەچێندرێت، بە قسەی شارەوانی.
سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاوكردوەتەوە و دەڵێت، هەڵمەتێكیان بۆ رێكخستنەوە و جوانكردنی سروشتی شەقامەكانی ناو شار دەستپێكردووە بۆ ئەوەی دار و باخچەكان بە شێوازێكی مۆدێرن و جوان رێكبخەنەوە.
نەمامەكان رێكدەخرێنەوە، دارە كۆن و شكاوەكان دەبڕدرێن و لە جێگەیان نەمامی دیكە دەچێنرێن كە وا بڕیارە پێنج نەمامی نوێ لە شەقام و شوێنە گشتییەكان دابنرێن و بە دیزاینێكی نوێ.
هەڵمەتەكە سەرەتا لە شەقامی ٦٠ مەترییەوە دەستپێدەكات و دواتر دەگاتە شەقامی ١٠٠ مەتری و شوێنە گشتیەكان و بۆ ماوەی ١٥ رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەپێی ئاماری شارەوانی هەولێر، لە ئێستادا ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار دار هەن لە ناوەند و دەوروبەری شەقامەکانی شارەکە.