حەوت پۆند بۆ هەولێر دەرچوو
+964
هێمن بەکر- هەولێر
لە سنوری هەولێر، ١٠ پرۆژەی ئاودێری دەکرێن، حەوتیان پۆندن و بە گوژمەی سێ ملیار و ٧٧٨ ملیۆن دینار، بە قسەی بەرپرسانی ئەو پارێزگایە.
پۆند بریتیە لە کەندەڵانێکی پڕ لە ئاو، لە دەریاچە بچوکترە، خەڵکی دەتوانن بۆ ئاودانی ئاژەڵەکانیان یان کشتوکاڵ سودی لێ وەربگرن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر بە 964+ی راگەیاند، لە پاش وەرگرتنی رەزامەندی و دابەشکردنی تەندەرەکان، “پێموایە شەش مانگێک دەخایەنێت بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە’.
پۆندەکان ئەمانەن، پۆندی چاڵە گردەڵە، لە دەشتی هەولێر – قوشتەپە، پۆندی زیارەت لە قەزای شەقڵاوە، پۆندی کەبور لە شەقڵاوە – باسرمە، پۆندی خڕە لە شەقڵاوە – هەریر، پۆندی کانی گەنی و پۆندی مام چۆغان لە دەشتی هەولێر – کەسنەزان، هەروەها پۆندی مام خاڵان لە قەزای خەبات – دارەشەکران.
جگە لەوانە، پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، توێژینەوە و نەخشەسازی بۆ ٢٥ پۆندی دیکە دەکەن لە سنوری هەولێر.
پرۆژەی نۆیەم خاوێنکردنەوەی کەناڵی سەرەکی پرۆژەی ئاودێریی خەباتە، دەیەمیش دروستکردنی جۆگەی ئاودێریی رەشنووریە.
لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر ئاماژە بە کاتی تەواوبوونی ئەم پرۆژانە نەدراوە، بۆ ئەوە 964+ پەیوەندی کرد بە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری شارەکە، ئەو بە خەمڵاندنی خۆی شەش مانگی بۆ تەواوبوونیان دانا.