بارانبارینى ئه‌مجاره‌ سوود و زیانى به‌یه‌كه‌وه‌ هێنا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بارانبارینى چه‌ند رۆژى رابردووى هه‌رێمی كوردستان، له ‌ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی تر جیاواز بووه‌، هه‌م له‌ رووى رێژه‌ى بارانبارینه‌وه‌ ، هه‌میش له‌ رووی زیان و سوود گه‌یاندن به‌ كه‌رتى كشتوكاڵه‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى كه‌ 964 له‌رێى په‌یامنێره‌كانیه‌وه‌ به‌ فه‌رمى ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا زیاتر له‌ پێنج ملیۆن و 601 هه‌زار و 616 دۆنم زه‌وى (ئه‌وه‌ى به كه‌ڵكى كشتوكاڵ دێت) له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش چوار ملیۆن و 293 هه‌زار و 544 دۆنم زه‌وى ساڵانه‌ بۆ كشتوكاڵكردن به‌كار ده‌هێندرێت.

به‌پێی به‌دواداچونى په‌یامنێرانى 964 له‌ ته‌واوى  پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانى هه‌رێمی كوردستان، كاریگه‌رى خراپی بارانبارین له‌سه‌ر كه‌رتى كشتوكاڵ، له‌ سێ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆ بووه‌، پارێزگاكانى هه‌ولێر و سلێمانی و ئیداره‌ى زاخۆش سوود و زیانیان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ركه‌وتووه‌، هه‌رچی پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، سه‌لامه‌تترین شوێنى هه‌رێمى كوردستان بووه‌، كه‌ بارانبارینى ئه‌م دواییه‌ هیچ زیانێكی پێنه‌گه‌یاندووه‌.

له‌ سۆران زیانى هه‌بووه‌

ئاسۆ وەرتی ـــ سۆران

نەبەز رەفعەت بەڕێوه‌بەری گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سه‌ربه‌خۆى سۆران بە 964ـی وت “زیانی بۆ سنوری ئیدارەی سۆران هەبووه‌، چونكه‌ بارانەکە بەشێوەی لێزەمە باریووه‌، ئەمەش وادەکات کونیلەکانی زەوی دابخرێن و  لافاو دروست بێت، هه‌مانكات ئه‌و لێزمه‌یه‌ زیانى بۆ کشتوکاڵ به‌گشتى هه‌بووه”‌.

له‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، رووبەری 809 هه‌زار و 616  دۆنم زه‌وى هه‌یه‌، کە تیایدا 737 هه‌زاو 544 دۆنمى بۆ كشتوكاڵكردن به‌كارده‌هێنرێت.

کشتوکاڵی سلێمانی: زیانەکانمان زۆر نین

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی دڵخۆشە بەوەی بارانە بەلێزمەکە گەنم و جۆی لە رەگەوە دەرنەھێناوە و دەڵێت، زیانێکی کەمیان به‌ركه‌وتووه‌.

شاڵاو جەمال، بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی بە 964ـی وت “بارانی دوو رۆژی رابردوو، بۆ کشتوکاڵى سلێمانى زیانى ھەبووە، بەڵام زۆر نین، ئه‌و زیانانه‌ش هه‌ر بۆ گه‌نم و جۆ بووه‌”.

له‌ سلێمانی یەک ملیۆن و 800 ھەزار دۆنم زەوی دێمیی کشتوکاڵییە، کە لە 10%ـى زەوی بەراوە، زیاتر لە 800 ھەزار دۆنم بە گەنم و جۆ بۆ ئەمساڵ چێندراوە.

پەیامنێری 964 سەردانی ژمارەیەک زەوی کشتوکاڵی دانەوێڵەی کرد لە سنوری سلێمانی، کە لەئەنجامی شەپۆل و باران بارینەکە چڵەگەنمەکان شکاونەتەوە.

هه‌ولێر؛ هه‌م سوود و هه‌میش زیانى به‌ركه‌وتووه‌

مەریەم ئەحمەد – هه‌ولێر

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەولێر، بۆ 964 وتی، ئه‌وه‌ى تا ئه‌مڕۆ باریوه‌، گەشبینیەكی زۆرى لای جوتیاران دروستكردووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ندێ شوێنى وه‌ك بارزان، شەقڵاوە، خەبات و گوێڕ، زیان و زەرەری هەبووه‌، بەڵام وتى “كه‌رتی كشتوكاڵى پەكنه‌خستووه‌”.

لە سنوری پارێزگای هەولێر یەك ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوی ساڵانه‌، دەكرێتەكشتوكاڵ.

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا زیاتر له‌ پێنج ملیۆن و 601 هه‌زار و 616 دۆنم زه‌وى (ئه‌وه‌ى به كه‌ڵكى كشتوكاڵ دێت) له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش چوار ملیۆن و 293 هه‌زار و 544 دۆنم زه‌وى ساڵانه‌ بۆ كشتوكاڵكردن به‌كار ده‌هێندرێت.

له‌ راپه‌ڕین زیان به‌ر گه‌نم و جۆ كه‌وتووه‌

مه‌جید بیتوێنی – راپه‌ڕین

به‌قسه‌ى كاسترۆ مه‌عروف، سەرۆکی لیژنەی کارگێڕی و دارایی کشتوکاڵ، له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، بارانه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌، زیانێكی زۆرى به‌ گه‌نمى ئیداره‌ى راپه‌ڕین گه‌یاندووه‌ .

ده‌شڵێت “بەهۆی خراپی کەشوهەوا، گەنم و جۆی جوتیاران لەسنوری ئیدارەی سه‌ربه‌خۆى ڕاپەڕین به‌تایبه‌تیش بەهۆی باوە گەنمەکانیان زیانی زۆری بەرکەوتوە، تووشی خەسارەتێکی یەکجار زۆر هاتوون”.

كاسترۆ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، كه‌ لیژنەکەیان لە ڕێگای سەرۆکایەتی ئەنجومەنه‌وه‌ نوسراو ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی کشتوکاڵ دەکات، بۆ دیاری کردنی زیانەکان و قەرەبوو كردنه‌وه‌یان.

له‌سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى راپه‌ڕین زیاتر له‌ 80 هه‌زار دۆنم زه‌وى ساڵانه‌ بۆ كشتوكاڵكردن به‌كار هده‌هێندرێت .

له‌ زاخۆش زیانى هه‌بووه‌

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

سەلمان محەمەد، به‌رێوەبەری گشتی كشتوكاڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ 964 وتی “ئەو بارانەی له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو باریوه‌، له‌ هه‌ندێك شوێن زیان و له‌شوێنى تریش سوودى هه‌بووه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد،  به‌هۆى ئه‌و بارانبارینه‌ زۆره‌وه‌ و دروستبوونى لافاو له‌هه‌ندێ ناوچه‌ زیانێکی زور بە کشتوکال بەگشتی و گەنم بەتایبەتی گەیاندووه‌.

وتیشی “ئه‌و زیانه‌ش زیاتر له‌ ناوچەی پێشخابوور بووه‌ كه‌ زیانى  به‌ بەروبومی پەتاتە و داریش گه‌یاندووه‌”.

هەڵەبجە سه‌لامه‌ت بوو

محەمەد عومەر- هەڵەبجە

ستار محمود بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە 964ـى  راگەیاند “ئه‌و بارانه‌ى كه‌ چه‌ند رۆژی رابردوو باریوه‌ هیچ زیانێكى بۆ سه‌ر كه‌رتى كشتوكاڵ نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌ى سوودى هه‌بووه‌”.

لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە 110 هەزار دۆنم زەوی كشتوکاڵی هەیە، کە ساڵانە نزیكه‌ى 65 هەزار دۆنم دەکرێتە گەنم.

گه‌رمیان زیانى زۆرى به‌ركه‌وتووه‌

هونەر فارس – گه‌رمیان

سەبارەت بە مەترسی ئەو شەپۆلەى بارانبارین كه‌ لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵ هه‌یبووه‌، شادیە حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان، بە 964ــی وت “به‌هۆى ئه‌وه‌ى بارانێكی زۆر و به‌خوڕ باریوه‌، زیانی زۆر بەر بەرهەمی کشتوکاڵ كه‌وتووه‌”.

ئاماژەی بەوەشکرد، چونكه‌ لە ئێستادا وەرزی گوڵکردنە، زۆری بارانەکە دەبێتە هۆی وەرینی گوڵی دارەکان و کەمبوونەوەی بەرهەمیان، وتیشی “بۆ دانەوێڵەش دەبێتە هۆی دروستبونی نەخۆشی” ژەنگ” و ئەگەر تەرزەی لەگەڵ بێت زیان بە گوڵەکەی دەگەیه‌نێت”.

لە سنوری ئیدارەی سه‌ربه‌خۆى گەرمیان، یەک ملیۆن و 432 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە، لەو ژماره‌یه‌ش ملیۆنێک و 321 هەزاریان دەێمین و پشت بە باران دەبەستن.