یارییەکەی ئەمڕۆی عێراق و کۆستاریکا دەکرێت؟

+964

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و كۆستاریكا له‌ یارییه‌كی دۆستانه‌ له‌ شاری به‌سڕه‌ به‌یه‌ك بگه‌ن، به‌ڵام وڵاتی میوان کەوتووەتە بیانووگرتن و دەڵێت، پێ ناخاتە ناو ئەو شارە.

هه‌ڵبژارده‌ی كۆستاریكا به‌شداریی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قه‌ته‌ڕی كردووه‌ و له‌ كۆمه‌ڵه‌ی پێنجه‌مە له‌ ته‌ك ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا و ژاپۆن، ئەم یارییەی عێراق هەروەکو ئامادەکارییە ئەگەر بکرێت.

گۆڤه‌ند عه‌بدولخالق، ئه‌ندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق به‌ 964+ی وت، هه‌ڵبژارده‌ی كۆستاریكا به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئاماده‌نین مۆری هاتنه ‌ناو عێراق له‌ پاسه‌پۆرته‌كانیان بدرێت، ئاماده‌نه‌بوون بێنه‌ به‌سڕه‌ و شه‌وی رابردوو له‌ سنووری نێوان كوێت و عێراقه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كوێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانی 964+، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ٣٠٠ هه‌زار دۆلاری به‌ هه‌ڵبژارده‌ی كۆستاریكا داوه‌ لە به‌رامبه‌ر یاریكردنیان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ به‌سڕه‌، پاره‌كه‌ش دوێنێ راده‌ستی هه‌ڵبژارده‌كه‌ كراوه‌، هه‌روه‌ها خه‌رجی مانه‌وه‌ و خواردنیشیان له‌ كوێت له‌سه‌ر ئه‌ركی فیدراسیۆنی عێراق بووه‌.

“ئه‌مڕۆ هه‌وڵێكی نوێ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوێت هه‌یه‌، تا هه‌ڵبژارده‌ی كۆستاریكا رازی بكه‌ن یارییه‌كه‌ له‌ به‌سڕه‌ ئه‌نجام بده‌ن و له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو بارودۆخه‌كه‌ روون ده‌بێته‌وه‌” گۆڤه‌ند عه‌بدولخالق وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئه‌مڕۆ پارێزگاری شاری به‌سڕه‌ چووه‌ته‌ كوێت بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیایی به‌ شاندی كۆستاریكا بدات، بێنه‌ عێراق و یارییه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق زانیاریی زیاتری بۆ 964+ ئاشكرا كرد، “دوێنێ دوو چاودێری ئه‌منی هه‌ڵبژارده‌ی كۆستاریكا سه‌ردانی شاری به‌سڕه‌یان كرد و بارودۆخی شاره‌كه‌ و یاریگه‌‌ و هوتێل و شتەکانی دیكه‌یان پشكنیوه‌، دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كوێت، كه‌ شاندی هه‌ڵبژارده‌كه‌ له‌وێن”.

“تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێشتا ئەگەری بەڕێوەچوونی یارییەکە نادیارە”

964+ دەزانێت ئه‌و چاودێره‌ ئه‌منیانه‌ سه‌ره‌تا ره‌زامه‌ندییان داوه‌ تیپه‌كه‌ بچێته‌ به‌سڕه‌، به‌ڵام دواتر پێده‌چێت په‌شیمان بووبێتنه‌وه، هەر بۆیە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێشتا ئەگەری بەڕێوەچوونی یارییەکە نادیارە.

عێراق و كۆستاریكا پێشتر ته‌نیا یه‌ك جار به‌یه‌كه‌وه‌ یارییان كردووه‌، ئه‌ویش له‌ ئۆڵمپیادی مۆسكۆی 1980، كه‌ عێراق یارییه‌كه‌ی به‌ 3-0 گۆڵ برده‌وه‌.