ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌كه‌ى هه‌ریر تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی هێزه‌كانى ئه‌مریكا بوو

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ده‌نگی ده‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ سنوورى ناحیه‌ى هه‌ریرى سه‌ر به‌ قه‌زاى شه‌قڵاوه‌ بیسترا‌، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى ده‌ڵێت “تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌مریكییه‌كان بووه‌”.

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10.4.2023 ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له‌ سنوورى ناحیه‌ى هه‌ریر بیستراوه‌ و به‌شێك له‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناحیه‌یش بیستنى ئه‌و ده‌نگه‌ بۆ 964 پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام نازانن ده‌نگی چی بووه‌.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌كدا مقه‌ده‌م وه‌لى باقی به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى هه‌ریر به‌ وه‌كاله‌ت، بۆ 964 بیستنى ده‌نگه‌كه‌ى پشتڕاستكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، كه‌ بیستنى ئه‌و ده‌نگه‌ زۆرجاران له‌ سنوورى ناحیه‌كه‌ى ده‌بیسترێت.

روونیكرده‌وه‌، كه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى بنكه‌یه‌كى گه‌وره‌ى سه‌ربازى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ده‌شتى هه‌ریر هه‌یه‌، به‌رده‌وام به‌هۆى تاقیكردنه‌وه‌كانى ئه‌و هێزه‌ له‌سه‌ر چه‌كه‌كان ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌بیسترێت.

وتیشی “ده‌نگه‌ بیستراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆش هه‌مان ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌ بووه‌ كه‌ پێشتر كراون”.