لە ماوەی یەک مانگدا
دوو کەسیان لە چیا هەڵدێران و دووانی دیکە بەر مین کەوتن
964+
فەهمی نەبی
بەگوێرەی ئامارەکان بێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەر مین کەوتوون یان هەڵدێراون لە چیا، گەیشتۆتە چوار کەس، ئەو هاوڵاتیانە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە رۆیشتبوون بۆ چیاکان.
دەزگای مین ئەمڕۆ سێشەممە بە 964ی رایگەیاند، ئەوانەی بۆ کۆکرنەوەی گژگیای بەهارە چونەتە ناوچە شاخاویەکان و بەر مین کەوتوون، دوو هاوڵاتین، یەکێکیان گیانی لە دەستداوە و ئەوەی دیکەشیان برینداربووە.
لێزمە فواد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای مین بۆ 964 قسەیکرد، دەڵێت: لە گوندی سێلکێی سەر بە قەزای مێرگەسور لە 23.3 هاوڵاتیەک بەناوی خەڵات ئەحمەد رەسوڵ، کە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە لەو ناوە بووە بەر مین کەوتووە و گیانی لەدەستداوە، لە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانیش، هاوڵاتیەکی دیکە بەناوی لەتیف عەلی رەسوڵ، بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە چوو بووە ئەو ناوچەیە بەر مین کەوتووە و بریندار بووە.
بەپێی بەدواداچوونی 964 لەمانگی رابردوودا، جگە لەو دوو هاوڵاتیەی بەر مین کەوتوون، دوو هاوڵاتی دیکە کە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە رۆشتبوون بۆ چیاکان هەڵدێراون.
لە 25.3.2023 هاوڵاتیەک بەناوی حسێن عەبدوڵا، لەکاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە لەچیای ئاسۆس هەڵدێرا و بریندار بوو، لە 7.4 هاوڵاتیەکی دیکە لە شاخی سێکانیان هەڵدێرا و گیانی لەدەستدا.
بەکۆی گشتی ئامارەکان دەریدەخەن، لەماوەی یەک مانگی رابردوودا، دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دووی دیکەش بریندار بوون کە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە رۆشتبوون بۆ چیاکان.