نرخەکەشی گران کراوە

لەمەودوا دەبێت بەمجۆرە داوای ڤیزای تورکیا بکەیت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

وڵاتی تورکیا پێدانی ڤیزای بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان گۆڕیوە و نرخەکەشی گران کردووە. کۆمپانیایەکی گەشتیاری دەڵێت، ئێستا ڤیزای سێ مانگی، شەش مانگی و یەک ساڵی جیاکراونەتەوە.

پیشتر داواکردنی ڤیزا بە 125 دۆلار بوو، بە پێی ئەو کەیسەی پێشکەش دەکرا کونسوڵخانەی تورکیا لە شاری هەولێر خۆی بڕیاری دەدا ڤیزای چەند مانگی بدات.

بەڵام لە رۆژی پێنجشەممە 6.4.2023ـەوە، شێواز و نرخەکەی گۆڕاوە. ئێستا ڤیزاکان جیاکراونەوە، بۆ داواکردنی ڤیزای سێ مانگی پێویستە 135 دۆلار بدەیت، بۆ شەش مانگی 155 دۆلار و بۆ یەک ساڵیش 175 دۆلارە.

ژێوار جەلال، بەڕێوەبەری فۆینێکس تراڤڵ لە سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، هۆکارێکی دیاریکراو نییە، کە تورکیا ئەو گۆڕانکاریانەی کردووە و هیچ شتێکی فەرمیان نەوتووە.