سەرچاوەیەکی ئەمنی: بە درۆن هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی

964+
دیسکی کوردی

سەرچاوەیەکی ئەمنی قسە رۆشتوو لە سلێمانی دەڵێت، ئەو هێرشەی کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی شارەکە “لەڕێی درۆنەوە بووە، بەنزیکەیی بۆمان ساغ بووەتەوە کە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە”.

ئەو سەرچاوەیە کە دەستی دەگات بە زانیارییەکانی ناو فڕۆکەخانە بە 964ی وت، هێرشەکە بۆ ناو پەرژینی فرۆکەخانە بووە و زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، “وا تێدەگەین پەیام بێت”.

دەنگۆ هەبوو هێرشەکە هاوکات بووبێت لەگەڵ سەردانی مەزڵوم کۆبانی بۆ سلێمانی، بەڵام ئەو سەرچاوەیە کە سوور بوو لەسەر ئەوەی ناوی نەهێندرێت، ئەو زانیارییەی نە پشتڕاستکردەوە و نە رەتیکردەوە، وتی “ئەوە ئەگەر بەو شێوەیەش بێت ئێمە باسی ناکەین”.

هاوکات، سەرچاوەیەکی نزیک لە مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە 964ی وت، ئەوان سەلامەتن، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشکرا بکات.

ئەو سەرچاوەیە زانیاری دیکەی نەدرکاند بەوەی ئایا مەزڵوم کۆبانی و ستافەکەی لە شاری سلێمانی بوون یان نا، تەنیا وتی “ئێمە سەلامەتین”.

لە لایەکی دیکە، کەمێک لەمەوبەر، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی شارەکەی، بەڵام زیانی گیانی و ماڵی لێنەکەوتووەتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ 964 یەکەم میدیا بوو لە کوردستان و جیهان کە دیمەنی دوکەڵەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوکردەوە

تۆش بیبینە

هەر لە کاتی بەرزبوونەوەی دوکەڵەکە پەیامنێری 964 چووە نزیکی فڕۆکەخانە و پرسیاری کرد، چەند میوەفرۆشێک لەوێ بوون، هەندێکیان وتیان گوێیان لە دەنگی بەرز و ناڵە هەبووە، هەندێکیان رەتیانکردەوە.

لە ڤیدیۆکەی 964دا، دوکەڵ دەردەکەوێت لە نزیکی فڕۆکەخانەکەی سلێمانی، دوای سۆراغکردن نەتوانرا سەربەخۆ ساغبکرێتەوە کە ئایا هۆکارەکەی چییە؟ بەڵام بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەکە پێی وتین، ئاگاداری هیچ جۆرە تەقینەوە یان بۆردوومانێک نییە.

دواتر پەیوەندیمان کرد بە سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەویش باسی لەوە کرد کە ئاگادار نییە و “رەنگە گژوگیایان سووتاندبێت”.

بەڵام نزیکی بەربانگ، ئاسایشی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، “ئێوارەی 7.4.2023، كاتژمێر 4:18 خولەك، لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەك روویدا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و مادی نەبوو، تەقینەوەکە بووە هۆی ئاگركەوتنەوە، دەستبەجێ تیمەكانی بەرگری شارستانی فڕۆكەخانە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كرد”.

ئاسایش جۆر و هۆکار و چۆنێتی تەقینەوەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام دەڵێت خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترن.