منداڵی بێڵ وەشێنەکەی کفری فەسڵ کرا

964+

هونەر فارس – کفری

ئەو قوتابیەی کەسوکارەکەی لە مانگی رابردوودا بە بۆکس و بێڵ هێرشیانکردە سەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی کفری فەسڵکرا، بە وتەی بەڕێوەبەرە لێدراوەکە.

دوای ئەوەی لە بەرواری 8.3.2023 خانەوادەی قوتابیەکی قوتابخانەی ئیمام محەمەد، بە پێنج کەسەوە هێرشیانکردە سەر بەڕێوەبەری قوتبخانەکە و خۆی و براکەیان بە بێڵ و بۆکس بریندارکرد، لەلایەن دەستەی مامۆستایانی قوتابخانەکەوە بڕیاردرا بە فەسڵکردنی قوتابیەکە.

بەگوێرەی زانیاریەکانی 964 بڕیاری فەسڵکردنی قوتابیەکە لە بەرواری 25.3.2023 وە دەرچووە، بەڵام بە بێ ئاگاداری بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئیمام محەمەد، ئەو قوتابیە بۆ قوتابخانەیەکی دیکەی قەزاکە گواسترابووەوە، تا دوێنێ کار بە بڕیاری فەسڵکردنی نەکراوە.

تۆڕی 964 ئەوەشی زانیوە، دوای ئەوەی زانراوە قوتابیەکە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە گواستراوەتەوە، مامۆستایانی قوتابخانەی ئیمام محەمەد فشاری مانگرتنیان لە دەوام کردووە، بەو هۆیەوە لە رۆژی 5.3.2023 وە، بەڕێوەبەری پەروەردەی کفری بڕیاری دوورخستنەوەی یەکجاری قوتابیەکەیداوە.

سەیوان عەلی، ئەو بەڕێوەبەرەی هێرشی کرایەسەر بە تۆڕی 964ی ڕاگەیاند: دوای دروستکردنی فشار، چوارشەممە پەروەردەی کفری نوسراوی فەرمی بۆ قوتابخانەی سیروان کردووە بۆ ئەوەی قوتابیەکە بنێرنە ماڵەوە.

دوای ڕوداوەکە، ئەو پێنج کەسەی هێرشیان کردبووە سەر بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەستگیرکران، کوڕەکانی هەفتەیەک و باوکی قوتابیەکە بۆماوەی 20 ڕۆژ مانەوە لە زیندان دواتر بە کەفالەت ئازادکران.

پێداچوونەوە: توانا نەقی